ئەمریکا و خولانەوە لە بازنەی سیاسەتە هەڵەکەی لە عێراق

(0) / / وتار / حەشدی شەعبی


Jul 07, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەمریکا ساڵانێکە بە بیانووی هەبوونی گرووپە تیرۆریستییەکان بە نایاسایی هێزەکانی بردووەتە چەند وڵاتێک، لەم حاڵەتدا لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتی و لە ڕوانگەی خەڵکی ئەو وڵاتانەوە ئەمریکا بە هێزێکی داگیرکار دادەنرێت نەک هێزێکی ڕزگارکەر و پاڵپشتیکراو لە لایەن خەڵکی ئەو وڵاتانەوە.

ئەمریکا بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری بۆ بوونی نایاسایی هێزەکانی لە وڵاتانی وەک ئەفغانستان، سوریا و عێراق هێناوەتەوە، بەڵام نەک تەنیا پاڵپشتی لە گرووپە تیرۆریستییەکان کردووە بەڵکوو هێرش دەکاتە سەر ئەو هێزانەش کە لە خەڵکەوە بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی و پاراستنی گیان و ماڵی خەڵک پێکهێنراون. نموونەکەشی، دوایین هێرشی ئاسمانی ئەمریکایە بۆ سەر پێگەی گرووپێکی سەر بە حەشدی شەعبی لە ناوچەیەکی سنوری نێوان عێراق و سوریا.

لە یاسای نێودەوڵەتیدا دوو خاڵی گرنگ ڕوون کراوەتەوە. یەکەم، ئەوەی کە وڵاتانی جیهان دەسەڵاتێکی یەکسانیان هەیە و هیچ وڵاتێک لە حاڵەتی ئاساییدا ناتوانێت بڵێت من لە وڵاتێکی دیکە گەورەتر و زاڵترم و دەسەڵاتم بە سەریدا دەسەپێنم و مافی ئەوەم هەیە کە خۆم بە باشتر و گەورەتر بزانم. دووەم، ئەوەی کە هیچ وڵاتێک مافی دەستێوەردانی لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکەدا نییە، کاتێک وڵاتان یەکسانن، لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هیچ وڵاتێک موڵەتی ئەوەی نییە کە لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دیکە هێزی سەربازی بەکار بێنێت.

بەڵام ئەمریکا بە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتی هەڵسووکەوتی کردووە و لەم سیاسەتە هەڵەش بەردەوامە. بە لای ئەمریکییەکانەوە مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانیان ئەو مافەیان پێدەدات کە بەر هەر شێوازێک بیانەوێت لە دژی وڵاتانی دیکە هەنگاو بنێن، بۆ نموونە، لە دژی هەندێک وڵات هێزی سەربازی دەجوڵێنن، هەندێک وڵاتی دیکە بە گەمارۆ ئابورییەکان سزا دەدەن و ....

ئەگەر بۆ مێژووی دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاش شەڕی جیهانیی یەکەم و دووەم بگەڕێینەوە، هۆکاری دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ئەوە بووە کە وڵاتانی جیهان بەو ڕاستییە گەیشتن کە شەڕ نابێت هەبێت، تا ئاشتی و ئاسایشی جیهانی لە لایەن شەڕخوازانەوە هەڕەشەی لە سەر نەبێت بەڵام بە سیاسەتی هەندێک وڵاتی وەک ئەمریکاوە دەبینین کە شەڕەکان و لێکەوتە و قەیرانەکانی لە جیهان بەردەوام بوون و بە دەیان کارەساتیان خوڵقاندووە.

دۆخی ئەفغانستان، سوریا، عێراق، یەمەن، لیبیا، لوبنان و ..... ئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی هەڵەی وڵاتانی زلهێزە بۆ تاڵانکردنی سەرچاوەکانی ناوچەکە. بەداخەوە کە یاسای نێودەوڵەتی و دامەزراوە جیهانییەکانیش لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون کە ڕێگری لەو سیاسەتە هەڵەی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی بکەن. هێشتا سیاسەتی هێز و پارە بە سەر یاسای نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤدا زاڵە.

شارەزایانی کاروباری نێودەوڵەتی دەڵێن کە ئاشتی هیچ کات بە بێ دادپەروەری مسۆگەر نابێت، لە بەر ئەوەی کاتێک لایەنێکی شەڕ دەسدرێژی کردووەتە سەر خاکی لایەنێکی دیکە و داگیری کردووە، ئاشتی مانایەکی نابێت. لە ئێستادا سیاسەتی ئەمریکا لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان ڕەتدەکرێتەوە، بە تایبەت لە عێراق کە زۆربەی لایەنە سیاسییەکان دژی مانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتەن و پەرلەمانیش وەک نوێنەری خەڵک بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی داوە و پاشان خەڵکیش بە خۆپێشاندانێکی ملیۆنی داوای دەرکردنی ئەمریکییەکانیان کرد.

بەڵام ئەمریکییەکان درێژەیان بە مانەوەی خۆیان لە عێراق داوە، بە وتووێژی ستراتیژی حکومەتەکەی مستەفا کازمییان بە بابەتی کشانەوەی هێزەکانیان سەرقاڵ کردووە بەڵام بە کردەوە شتێک نابینرێت، ئەوان تا بەرژەوەندییان هەبێت لە عێراقدا دەمێننەوە.

چەندین لایەنی سەرەکی لە عێراق بە تایبەت لە پێکهاتەی شێعە دژی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکان. ئەوان سەرەتا ڕایانگەیاند کە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی پەرلەمانن بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام نە حکومەتەکەی مستەفا کازمی ئەوەی جێبەجێ کردووە و نە ئەمریکییەکانیش وازیان لە پیلانگێڕی هێناوە، هەر بۆیە گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی بە تایبەت کەتائیبی سەید ئەلشوهەدا بە ئاشکرا هەڕەشەی دژایەتیکردنی ئەمریکییەکانیان کردووە، پێدەچێت عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێی پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا و بەرگری ڕەوای گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی بچێت./.