هەولێر و بەغدا لە سەر مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ناکۆکن

(0) / / ئاسیا / مستەفا کازمی


Jul 25, 2021

قەبارەی فۆنت:

لە کاتێکدا کە لایەنە شێعەکانی عێراق جەخت لە سەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە دەکەنەوە و گەڕی چوارەمی وتووێژی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتنیش زیاتر لە سەر ئەم تەوەرە بووە، لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ڕای جیاواز لە سەر مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەبینرێت.

قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە 31 ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ تام و چێژێکی دیکەی دەبێت. وەک ئاماژەیەک بە کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لە کاتی بەڕێکەوتنی بۆ ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هیچ پێویستی بە هێزی شەڕکەری بیانی نییە.

بەڵام سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە کە هەولێر دژی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لە عێراق.

هاوکات جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاندووە کە بە هۆی دۆخی ئەمنی و ئاڵۆزییەکانی عێراق، هەولێر دژی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاندووە ئەمریکا تەنانەت پاشەکشە بە یەک سەربازی لە عێراق ناکات و بە ناونیشانی دیکە ئەوان لە عێراق دەهێڵێتەوە./.