بەرهەم ساڵح چۆن باسی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات؟

(0) / / ئاسیا / بەرهەم ساڵح


Sep 08, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆک کۆماری عێراق لە گەڵ سەرۆک و ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە و هەروەها نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووە، کۆبوونەوەکەش لە سەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەر بووە.

بەرهەم ساڵح لەو کۆبوونەوەدا ڕایگەیاند کە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو گرنگی تایبەت بە خۆیی هەیە، لە بەر ئەوەی کە دوا بە دوای داواکاری جەماوەری و کۆدەنگی نیشتمانی دێت لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکان و هێنانەدی چاکسازی بنەڕەتی.

ناوبراو وتی کە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەسکەوتێکی گەورەیە و لێکەوتەی کاریگەری دەبێت لە سەر ناوچەکە بە گشتی.

ڕاشیگەیاند کە بەم نزیکانە بەڵگەنامەیەک دەخرێتەڕوو بۆ هێزە سیاسییەکان تاوەکوو ببێتە چوارچێوەیەکی گشتگیر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە سەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و یاسا.

سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆڵی دەزگای دادوەریشی بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی دەستوور و یاسا و ڕێگری لە پێشێلکارییەکان بەرز نرخاند.

بەرهەم ساڵح هەروەها وتی کە هەڵبژاردنەکان متمانە بۆ خەڵک دەگەڕێنێتەوە و ڕێگاچارەیەکی ئاشتیانەیە بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی و چاکسازی بنەڕەتی لە پێناو هێنانەدی خۆشگوزەرانی و ژیانێکی شایستە بۆ گەلی عێراق./.