زیاتر لە 9 ملیۆن هەژار و 8 ملیۆن بێکار لە عێراقدا هەیە

(0) / / فایلی تایبەت / عێراق


Sep 14, 2021

قەبارەی فۆنت:

نوێترین توێژینەوەی عێراق باس لەوە دەکات کە ئەم وڵاتە بە 40 ملیۆن کەس حەشیمەتەوە، زیاتر لە 9 ملیۆن هەژار و 8 ملیۆن بێکاری هەیە.

ئەو توێژینەوەیە کە گرووپی هەڵبژاردنەکانی الفراتین بە سەرکردایەتی محەممەد شیاع سودانی وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەندامی باڵای حیزبی دەعوەی ئیسلامی عێراق بڵاویکردووەتەوە، پیشان دەدات کە 9 ملیۆن و 200 هەژار و 8 ملیۆن و 800 هەزار بێکار لە عێراقدا هەیە.

هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە کە 3 ملیۆن کرێکار لە عێراقدا هەیە کە هیچ پاڵپشتییەکی کۆمەڵایەتی لەوان ناکرێت و ساڵانەش 300 هەزار کەس لە بازاڕی کاری ئەم وڵاتە زیاد دەکرێن.

توێژینەوەکە ڕایگەیاندووە کە عێراق پێویستی بە 3 ملیۆن و 300 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون و 17 هەزار قوتابخانە هەیە.

ڕاشیگەیاندووە کە سەرەڕای بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت لە ماوەی 17 ساڵی ڕابردوو، خزمەتگوزارییە حکومییەکان و ڕەوتی گەشەی کۆمەڵایەتی ڕووی لە دابەزین کردووە.

ڕەوتی الفراتین ئەم توێژینەوەی وەک بەشێک لە پلانی سیاسی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری 2021 بڵاو کردووەتەوە./.