نێچیرڤان بارزانی بۆ کەرکوکییەکان: تا پارتی هەبێت بێکەس نین

(0) / / كوردستان / نێچیرڤان بارزانی


Oct 05, 2021

قەبارەی فۆنت:

لە هەڵمەتێکی بانگەشەی پارتی بۆ کاندیدەکانی کەرکوک کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی وتی کە وەک پارتی دەمانەوێت کەرکوک بحەسێتەوە.

ناوبراو وتی کە شەڕی پارتی لە سەر کەرکوک تایبەتە بە ناسنامەی ئەو شارە و نەوتەکەمان ناوێت و دەمانەوێت ئارامی، خزمەتگوزاری، ئاوەدانی و هاوبەشی ڕاستەقینە لەم شارەدا هەبێت.

جێگری سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان وتی: نامانەوێت هیچ نەتەوەیەک لە کەرکوک بشکێت، ئێمە خوازیاری پێکەوەژیانی هەمووانین و ئەوەش بە سەرکەوتن دەزانین و تێڕوانینی سەرۆکی پارتیش بۆ چارەسەری کێشەی کەرکوکە.

نێچیرڤان بارزانی بۆ پێناسەی پەیوەندییەکانی حیزبەکەی و کەرکوک دەستەواژەی وەفاداری بەکار هێنا و وتی: کەس نییە باسی مێژووی خەباتی کەرکوک و کوردایەتی لە کەرکوک بکات و ناوی شەهیدانی پارتی نەزانێت.

وتیشی کە کەرکوک بەشێکە لە کوردستان و دەبێت پارێزگاری شارەکەش کورد بێت و خزمەت بە خەڵک و پێکهاتە جیاجیاکانی بکات.

ناوبراو وتی: دەبێت کار بۆ چەسپاندنی ناسنامەی کەرکوک بکەین و تا پارتی و سەرکردایەتی و سەرۆکەکەی هەبێت نابێت هیچ کەرکوکییەک هەست بە بێکەسی بکات./.