قەیرانی سیاسی لە لوبنان بەردەوامە، سەرۆک وەزیران ڕاگرتنی کۆبوونەوەکانی ڕاگەیاند

(0) / / ئاسیا / جۆرج قەرداحی


Nov 06, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆک وەزیرانی لوبنان هەڕەشەی ئەوەیکردووە کە تا جۆرج قەرداحی وەزیری ڕاگەیاندنی ئەم وڵاتە دەست لە کار نەکێشێتەوە، کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوە ناچێت.

وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان بە لێدوانێک لە سەر شەڕی یەمەن کێشەی خستووەتە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و سعوودیە و چەندین وڵاتی عەرەبی شوێنکەوتووی ڕیازیش دژی لوبنان چەند بڕکارێکیان دەرکردووە.

نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی لوبنان هەوڵ دەدات لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە مەرجەکانی قبووڵ بکەن تا کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەم دۆخە قەیراناوییەی لوبنان دەست پێبکاتەوە، یەک لەو مەرجانەش ناچارکردنی وەزیری ڕاگەیاندنە بەوەی دەست لە کار بکێشێتەوە.

لە بەرامبەردا هەر یەک لە حیزبوڵڵا و بزوتنەوەی ئەمەل پاڵپشتی خۆیان بۆ جۆرج قەرداحی ڕاگەیاندووە.

ئەو دوو لایەنە جەختیش لەوە دەکەنەوە کە تاریق بەیتار دادوەری دۆسیەی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت دەبێت دەست لە کار بکێشێتەوە.

حوسێن حاجی حەسەن نوێنەری حیزبوڵڵا لە پەرلەمانی لوبنان ڕایگەیاندووە کە جۆرج قەرداحی لە سەر شەڕی یەمەن و لێدوانی دژ بە سعوودیە هەڵەی نەکردووە و تەنیا بۆچوونەکانی باس کردووە.

ناوبراو هەر پەیوەندییەکی نێوان دۆسیەی قەرداحی و دۆسیەی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروتی ڕەتکردەوە.

هەروەها فۆئاد سنیۆرە سەرۆک وەزیرانی پێشووتری لوبنان ڕایگەیاندووە کە سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە لە ساڵانی ڕابردوو بەلاڕێدا براوە./.