بۆ ئەمریکا لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ سوریا نیگەرانە؟

(0) / / ڕاپۆرت / بەشار ئەسەد


Nov 10, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەمریکا پاش سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ سوریا و کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە، نیگەرانی خۆیی دەربڕی و ڕایگەیاند کە پاڵپشتی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ بەشار ئەسەد ناکات.

ئەمریکا دەستبەجێ پاش سەردانەکەی عەبدوڵڵا بن زاید ئالی نهیان وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ سوریا کە لە پاش 10 ساڵ کرا، کاردانەوەی خۆیی پیشاندا و ڕایگەیاند کە ئەو سەردانە بووەتە جێی نیگەرانی دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی.

ند پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ سوریا و کۆبوونەوەی لە گەڵ بەشار ئەسەد، وتی: ئێمە لە سەر ئەو سەردانە و کۆبوونەوە و پەیامەکانی نیگەرانین، حکومەتی ئەمریکا پاڵپشتی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتان لە گەڵ بەشار ئەسەد ناکات.

هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، محەممەد خەیر عەکام لە ئەندامانی پەرلەمانی سوریا، وتی: ئەمریکا دەیەوێت وا پیشان بدات کە دژی ئەم سەردانانەیە، بەڵام بە بۆچوونی من ڕاستگۆ نییە، لە بەر ئەوەی کە بە ناچاری دەبێت پەیامی خۆی بگەێنێتە سوریا، ئەویش لە پاش شکستی لە گۆڕانکارییەکانی سوریا.

ناوبراو وتی: ئەم سەردانانە بە ڕەزامەندی و هەماهەنگی ئەمریکا دەکرێت لە بەر ئەوەی کە واشنتن پێویستی بە گۆڕانکارییە لە ناوچەکە و دەزانێت کە ئەوەش بە بێ سوریا و بەشار ئەسەد ناکرێت.

عەکام وتی: ئەمریکا نایەوێت بە سەرکردایەتی سوریا و ڕای گشتی بڵێت کە ڕەزامەندیی لە سەر ئەم جۆرە سەردانە و پەیامانە هەیە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی سوریا وتی کە ڕاگەێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتییە، لە بەر ئەوەی کە هیچ وڵاتێک لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس ناتوانێت بە بێ ئەمریکا پەیوەندیی لە گەڵ سوریا هەبێت.

ڕۆژی سێ شەممە 9 ی تشرینی دووەم ی 2021، وەزیری دەرەوەی ئیمارات لە پاش 10 ساڵ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشق و لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا کۆبووە./.