یەکێتی: پۆستی پارێزگاری کەرکوک مافی ئێمەیە

(0) / / كوردستان / کەرکوک


Nov 14, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی کە پۆستی پارێزگاری کەرکوک لە پاش ڕووخانی بەعسەوە بۆ کورد و لە ناو کوردیشدا بۆ یەکێتی بووە و لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانیشدا یەکێتی دەنگی یەکەمی هێناوە، هەر بۆیە ئەو پۆستە هەر بۆ یەکێتی دەبێت.

ڕەوەند مەلا مەحمود لە وتووێژێکدا سەبارەت بە داواکردنی ئەو پۆستە لە لایەن پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە، وتی: پارتی هیچ بابەتێکی جیدی لە سەر کەرکوک نییە، هەر بابەتێکی هەبێت پلانێکی لە پشتە، لە بەر ئەوەی کە ئەوان هۆکاربوون بۆ بەدەست نەهێنانەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک و نەبوونی هەماهەنگی لە گەڵ یەکێتی.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی وتی: پارتی لە ساڵی 2018 وە کەرکوکی بایکۆت کردووە و ئێستا گەڕاوەتەوە و بە بێ هیچ پاساوێک داوای پۆستی پارێزگار دەکات، بابەتەکە تەنیا قسەیە، هەر بۆیە پێم وانییە کە پلانێکی جیدی بۆ کەرکوک بێت.

ڕەوەند مەلا مەحمود وتی: کەرکوک زۆرینەی کوردە، هەر بابەتێکی هەرێمی درووست ببێت، غەدرێکی گەورەیە لە سەر کورد، لە بەر ئەوەی کە تورکمان و عەرەب لە دوو و سێ کورسی زیاتریان نەهێناوە بەڵام کورد هەندێک جار سەروی حەوت کورسیشی هەبووە./.