زانکۆکانی لوبنان 27 هەزار بڕوانامەی خوێندنیان بە عێراقییەکان فرۆشتووە

(0) / / فایلی تایبەت / عێراق


Nov 14, 2021

قەبارەی فۆنت:

بوونی 27 هەزار بڕوانامەی خوێندنی فرۆشراو لە لایەن زانکۆکانی لوبنانەوە بە عێراقییەکان، هەرایەکی گەروەی ناوەتەوە کە دەتوانێت قەیرانێکی نوێی لە گۆڕەپانی سیاسی ئەم وڵاتە بە دواوە بێت.

پێگەی میدل ئیست نیوز ڕایگەیاندووە کە تۆمەتباری سەرەکی لەم دۆسیەیە کەسێکی لوبنانییە کە مامۆستای گرێبەستی یەکێک لە زانکۆکانی ئەو وڵاتەیە و ناوەندێکی زانستیی بۆ خۆی کردووەتەوە کە ئیش و کارەکەی بەڕێوەچوونی کۆڕ و کۆنفرانسە بە هاوکاری زانکۆکانی لوبنان و عێراق کە دواتر ڕووی هێناوەتە دەڵاڵی و ئاسانکاری فرۆشتنی بڕوانامەی خوێندن بە خوێندکارانی عێراقی.

ئەو کەسە دوو فەرمانبەری وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی لە ناوەندە زانستییەکەی خۆیدا دامەزراندووە تا ئیش و کاری ئەو خوێندکارە عێراقییانە ڕایی بکات کە حەزیان لە ئامادەبوون لە هۆڵەکانی خوێندن نییە.

کەسە لوبنانییەکە بۆ بڕوانامەی ماستەر 5 هەزار دۆلار و بۆ قۆناغی دکتۆرا 10 هەزار دۆلاری وەرگرتووە کە ئەڵبەت بەشێک لەو پارەی بە سەر چەند بەرپرسێکی عێراقدا دابەش کردووە.

لە کاردانەوەی بەرامبەر بە بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتەش، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە بڕوانامەی زانکۆکانی " الحدیثە " و " زانکۆی ئیسلامی " و " زانکۆی جنان " ی لوبنان بە فەرمی ناناسێت.

هەروەها لە بڕیارێکی دیکەدا وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەو خوێندکارانەی لە سەر تێچووی خۆیان لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن، بۆ پەسەندکردنی بڕوانامەکەیان دەبێت لە عێراقیش بەشداری لە تاقیکردنەوەکاندا بکەن.

بە پێی یاسای عێراق، ساختەکاری و تەزویر لە بڕوانامەی زانکۆ 15 ساڵ سزای زیندانی هەیە./.