ئەمساڵ تا ئێستا زیاتر لە 26 هەزار ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق تۆمار کراوە

(0) / / ڕاپۆرت / عێراق


Nov 16, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەرپرسێکی حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەمساڵ تا ئێستا زیاتر لە 26 هەزار ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمار کراوە کە لە نەخۆشخانەکان، فەرمانگە و ناوەندە حکومی و ناحکومییەکان ڕوویان داوە.

لە ئامارەکانی حکومەتی عێراقدا ئاماژە بە ژمارەی قوربانییەکانی ئەو 26 هەزار ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە نەدراوە بەڵام مەزندە دەکرێت کە بە سەدان کوژراو و بریندار بێت، بۆ نموونە، تەنیا لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی نەخۆشخانەکەی ناسریە زیاتر لە 100 کەس کوژران و بە دەیان کەسی دیکە برینداربوون و سووتان.

هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، جەودەت عەبدولڕەحمان وتەبێژی فەرمانگەی بەرگری شارستانیی عێراق ڕایگەیاند کە ئەمساڵ تا ئێستا زیاتر لە 26 هەزار ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی بچووک و گەورە لە وڵاتدا ڕوویداوە.

ناوبراو وتی: زۆربەی ڕووداوەکان بە هۆی شۆرتی کارەباوە بووە و تەنیا بەشێکی زۆر کەم لەوان بە ئەنقەست ڕووی داوە.

هەروەها عامر فایز کاندیدی دەرچووی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی تشرینی یەکەمی عێراق ڕایگەیاندووە کە هۆکاری سیاسی و بەرژەوەندی کەسی لە پشتەوەی زۆربەی ڕووداوەکاندا بووە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بەشێک لە ئاگرکەوتنەوەکان بە هۆکاری سیاسی و بەشێکی دیکە بە هۆکاری ئابوری و بەرژەوەندی کەسی بووە، بە تایبەت هەندێک لەو ڕووداوانە بۆ ئەوە بووە کە عێراق لە ڕووی بەرهەمەکانی کشتووکاڵەوە بەردەوام وەک وڵاتێکی هاوردەکار بمێنێتەوە.

فایز ڕەخنەشی لە حکومەتی عێراق گرتووە و ڕایگەیاندووە کە زۆربەی لێژنەکانی لێکۆڵینەوە وەک ئەوانەی تایبەت بە گەندەڵی و تیرۆر و کوشتنەکان، بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتووە./.