عەبدوڵڵا حەمدوک لە گەڵ چەکدارانی سودان گەیشتووەتە ڕێکەوتنی گەڕانەوە بۆ دەسەڵات

(0) / / ئەفریقیا / عەبدوڵڵا حەمدوک


Nov 21, 2021

قەبارەی فۆنت:

دەسەڵاتدارانی سەربازیی سودان و سەرۆک وەزیرانی لە سەرکار لادراوی ئەو وڵاتە بۆ گەڕانەوەی بۆ پۆستەکەی گەیشتوونەتە ڕێکەوتن.

بە پێی ئەو ڕێکەوتنەش، دەسەڵاتی سەربازی سودان بە سەرۆکایەتی ژنڕاڵ عەبدولفەتاح بورهان بەڵێنی ئازادکردنی سەرجەم زیندانییە سیاسییەکانی داوە و هەمووان بۆ قۆناغی ڕاگوزەری سیاسی دەگەڕێنەوە.

گرووپی پرۆژەی یەکگرتووی نیشتمانی سودان کە لە سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکان و بزوتنەوە چەکدارییەکان پێکهاتووە، ئەو ڕێکەوتنەی واژۆ کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، فەزلوڵڵا بۆرما ناسر سەرۆکی پارتی ئۆممەی سودان ڕایگەیاندووە کە پاش ئەو ڕێکەوتنە، عەبدوڵڵا حەمدوک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانیی ئەم وڵاتە دەگەڕێتەوە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە حەمدوک حکومەتێکی تەکنۆکراتی بەهێز پێک دێنێت و سەرجەم گیراوانی سیاسی ئازاد دەکرێن./.