مەسرور بارزانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگەی ڕاسپاردووە؟

(0) / / كوردستان / مەسرور بارزانی


Nov 28, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر هێرشەکەی داعش لە کوڵەجۆ بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە، ڕایگەیاند کە بەردەوام لە سەر جموجوڵەکانی داعش و ڕێکخستنەوەی تیرۆریستان بە تایبەت لە ناوچە کێشە لە سەرەکان هۆشداری دراوە.

مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: " هەواڵی شەهیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان لە شەوی ڕابردوو لە سنوری کوڵەجۆ کە لە کاتی بەهاناچوونی هاوسەنگەرەکانیان شەهید بوون، زۆر خەمباری کردم، هاوخەمی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاریان دەکەم و داواکارم لە خودای مەزن، گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم ".

ناوبراو لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند کە چەندین جار لە سەر مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و خۆرێخستنەوەیان بە تایبەت لە ناوچە کێشە لە سەرەکان هۆشداری دراوە.

مەسرور بارزانی بە پێویستی زانیوە کە پەلە بکرێت لە کاراترکردنی ناوەندە ئەمنییە هاوبەشەکان لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هەماهەنگی لە گەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم هەروەها ڕایگەیاند کە وەزارەتی پێشمەرگە ڕاسپێردراوە تا ئامادەکاری زیاتر بۆ سنوردارکردن و نەهێشتنی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و ڕێگری لە زیانگەیاندن بە هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە بکرێت./.