مەسعود بارزانی و پلانەکەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق

(0) / / فایلی تایبەت / مەسعود بارزانی


Dec 06, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان هەوڵ دەدات بە کەڵک وەرگرتن لەم دۆخەی ئێستای یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کەسێکی نزیک لە خۆی بکاتە سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق.

مەسعود بارزانی هەوڵ دەدات یەکێک لەم سێ کەسە بە هەر ڕێگایەک بکرێتە سەرۆک کۆماری عێراق. یەکەم: فۆئاد حوسێن سەرۆکی پێشووی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم و وەزیری دەرەوەی ئێستای عێراق کە لە خولی ڕابردوو بەرامبەر بە بەرهەم ساڵح شکستی هێنا. دووەم: هۆشیاری زێباریی خاڵی کە وەزیری دەرەوە و دارایی پێشووتری عێراق بووە. یان کەسی سهێەم: عەدنان موفتی لە یەکێتی نیشتمانی کە پێشووتر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بووە.

بارزانی کە حیزبەکەی دەسەڵاتداری یەکەمی کوردستانە، بە هۆی کێشە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕوبەڕوی ڕەخنەی ڕای گشتی بووەتەوە، بە تایبەت لە دۆسیەی کۆچبەرانی کورد کە ڕۆژانە هەواڵ و ڕاپۆرتی تایبەت بە ڕەوشی نالەباری ژیانی ئەوان لە سنورەکانی بیلاڕووس و پۆڵەندا بڵاو دەبێتەوە. بارزانییەکان کە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتیان بە دەستەوەیە و بەشێکی زۆری جومگە حکومڕانییەکانی کوردستان لە کۆنتڕۆڵی ئەواندایە، ئێستا لە هەوڵی ئەوەدان کە یەکێک لەو سێ کەسە ئاماژەپێدراوە وەک کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بناسێندرێت.

پەرلەمانی عێراق لە 21 ی ئەیلولی 2016 لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا پاش لێپرسینەوە لە هۆشیار زێباری بە تۆمەتی گەندەڵی و خەراپ بەکارهێنانی پۆستەکەی، ناوبراوی لە وەزارەتی دارایی دوورخستەوە.

هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، سەرچاوەیەکی ئاگادار کورد بە پێگەی العرب ی ڕاگەیاند کە بارزانی دەیەوێت وەک کوردستان خۆیشی لە ئاستی عێراقدا بە خاوەن بڕیار بزانێت.

مەسعود بارزانی هەوڵ دەدات سوود لە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی و ئەو دۆخە ئاڵۆزەی ناو ئەم حیزبە وەربگرێت و ئەمجارە و بە پێچەوانەی خولەکانی ڕابردوو، دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراق بە بڕیاری ئەو بێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی یەکێتی دەڵێن پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقە و مافی ئەم حیزبەیە وەک خولەکانی ڕابردوو نوێنەری خۆی وەک کاندیدی سەرۆک کۆمار بناسێنێت.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە بارزانی کەسێکی بە ناوی حەمید دەربەندی ناردووەتە بەغدا تا ناوی کاندیدەکانی کورد بۆ ئەو پۆستە بە لایەنە سیاسییەکانی عێراق بدات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە خولەکانی پێشوودا ئەم پرسە لە کۆبوونەوەی سەرکردەی لایەنە سیاسییەکاندا یەکلایی دەکرایەوە نەک ئەوەی کە لە لایەن نێردەی سەرۆکی پارتی یان حیزبێکی دیکەوە بە سەر لایەنەکاندا بسەپێندرێت.

هەوڵەکانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە کاتێکدایە کە بەدەر لە یەکێتی، بەرهەم ساڵح جێی متمانەی ئەندامانی سەربەخۆی پەرلەمانی عێراقە، پەیوەندییەکی بەهێزی لە گەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر هەیە و بە هۆی تێڕوانینی دژ بە گەندەڵی و پشکخوازی لایەنەکان بووەتە جێی متمانەی بەشێک لە لایەنەکان و کاندیدە دەرچووەکانی پەرلەمانی عێراق.

مەسعود بارزانی بە بێ گرنگیدان بە لایەنەکانی دیکەی کوردستان بە تایبەت یەکێتی و هەوڵی سڕینەوەی ناوی بەرهەم ساڵح لە ڕیزی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆک کۆمار، لە هۆڵی پەرلەمان و بەدەستهێنانی دەنگی دوو لە سەر سێی ئەندامانی پەرلەمان، تووشی کێشە دەبێت. بەدەر لەمەش هەڵوێستی بافڵ تاڵەبانی لە دەستنیشانکردنی کاندیدی یەکێتی بۆ ئەو پۆستە ڕۆڵی گەورە دەبینێت./.