قەوارەی هەرێم بە چی لە ناو دەچێت؟
(0) /
سالاری بازیان
ئەگێڕنەوە لەسەروبەندی سەرکەوتنی شۆڕشی سۆڤییەتدا کەسێک لە مەیدانی سوری مۆسکۆدا ڕۆژنامەی پەخش ئەکرد و ئاسایش دەستگیریان کرد، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە تێگەیشتن هەموو ڕۆژنامەکان سپین و هچیان لەسەر نەنووسراوە، وتیان بۆچی ڕۆژنامەی سپی دابەش ئەکەیت؟. وتی: ئیتر شتێک بۆ نووسین نەماوەتەوە.
ئاشی حزبایەتی لەژێر دروشمی کوردایەتیدا زۆری هاڕی، داخی زۆر نا بەجەرگ و دڵی دایک و باوکە بێچارەکانی نیشتیمان، هەزاران لاو بەجلوبەرگی خوێنینەوە زیندەبەچاڵ كران، هەزاران خەون و خۆزگە لەدار دران، بۆ کێ؟
بۆ دروستبوونی قەوارەیەک کە سەرکردوە و بنکردە خەیاڵی نەدەکردەوە کە ڕۆژێک حکومڕانی کوردی وا شپرزه و په رته وازه بێت، لە كەشتییەكی نێو گەرداوێك دەچێت کە نازانرێت لەکوێ لەنگەر و ئارام ئەگرێ .
عەزیزان! ئەوەی هەرێم لەناوئەبات (30) ساڵ حکومڕانی ناتەندروستە، نەبوونی سوپایەکی نیشتیمانی خاوەن هزر و باوەڕە، به تاڵانبردنی ژێرخانی ئابوریە، نادادی و گەندەڵی و گەندەخۆرییە، شه لكردنی بنەماکانی دیموکراسی و گەڕانەوەیە بۆ سیستەمی خانەوادەگەرای سوڵتانی پڕ لەکێشمەکێشمی بنەماڵەیی لەناو کۆشکە سوڵتانییەکاندا، دروستکردنی ئاشوبی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییە، دابەشبوونی کۆمەڵگایە بۆ دووبەرەی لێک دابڕاو کە زۆرینەی کۆمەڵگا باوەڕیان بەم شێوازه له حكومرانی نەماوه و خاوەندارێتی لە سیستەمی هەرێم ناکەن، وەک (تاڵەبانی) وتەنی بەرێژەی (65%)ی کۆمەڵگا بێزی نەهاتووە دەنگمان پێبدات، ئه وه ی هەرێم لەناودەبات کۆچی گەنجان و خنکاندنیان لەدەریاو كه نار و سه رسنوری وڵاتانه، بێ ئەرزشكردنی زانکۆکان ویاریكردنه به شعوری موچه خوران. چاوەروانی به زه یی و نازو نوزی ٢٠٠ملیاره کەی پایتەخته لەناوبردنی دیمۆگرافی و بەشارکردن و لەناوبردنی گوندەکان و سوتماككردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆییە، نەبوونی دونیابینیەکی واقعییە بۆ داهاتوو.
مامەڵەکردن لەگەڵ بەرژەوەندی زلهێزو وڵاتی دراوسێ و قوتبە سیاسییەکانی عێراق شكستی پرۆژەی نەتەوەییە لەبەردەم هەمینگەرای حزب حزبێنەدا. هیچ تاکێ تەمەنای ڕوخانی هەرێم و قەوارەکەی ناکات، چونكه نه قاچی هه یه ڕابكات ونه گیرفانی پڕه بفڕێ كەواتە ئەبێ وەستا و سەرکارەکانی وڵات بە نەخشە و دیواری چه ند ساله ی حوكمڕانیدا بچنەوە، واز لە تۆمەت بەخشینەوە و پلارگرتنه فیسارو فلان بێنن وه ك ڕوژی ڕون دیاره كێ باجی كێشه كانی هه رێم ده دات و كیش هه رێمی گه یانده كوچه ی بن به ست./.
تێبينيێك بنێرە: