محەممەد حەکیم: یەکڕیزی نێوماڵی کورد بووەتە خەون و خەیاڵ

(0) / / چاوپێكەوتن / محەممەد حەکیم کۆمەڵی دادگەریی کوردستان


Feb 02, 2022

قەبارەی فۆنت:

وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان یەکڕیزی لایەنە سیاسییە کوردییەکانی لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بە ئامانجی مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێم بە گرنگ ناو برد.

محەممەد حەکیم لە وتووێژێکدا، سەبارەت بە ململانێکانی پارتی و یەکێتی لە سەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، وتی: لە کاتێکدا یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە بەغدا بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێم بە گرنگ دادەنرێت، دەبینین کە ئەو یەکڕیزییە نەماوە و کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار چەندین کاندیدی هەیە.

ناوبراو وتی: کاندیدی هەر دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم وایکردووە کە کورد بە یەکڕیزی نەچێتە بەغدا و ئەوان تەنانەت هیچ ڕاوێژێکیان بە لایەنە سیاسییەکانی دیکە کە خاوەنی 14 کورسین نەکردووە، بەداخەوە کە لەم هەلومەرجەدا یەکڕیزی نێوماڵی کورد بووەتە خەون و خەیاڵ.

وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان وتی: ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان و نەبوونی یەکڕیزی دەرهاویشتەی خەراپی دەبێت بە تایبەت یەکێتی لە پاش پەسەندکردنی دەستووری عێراق لە ساڵی 2005، لە سەر ئاستی هەرێم و عێراق ئەو پۆستە بە مافی خۆی دەزانێت ئەمەش وا دەکات کە کاریگەرییە خەراپەکانی ئەم ململانێیە کوردستان بگرێتەوە.

وتیشی کە ئێمە هیوادار بووین لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە سەر تاکە کاندیدێک ڕێکەوتنمان بکردایە بە مەرجێک کە لە سەر نەخشە و پلانێکی نیشتمانی بێت نەک لە سەر بنەمای بەرژەوەندی تەسکی حیزبی.

محەممەد حەکیم وتی: ئێمە لە ڕاگەێندراوەکەی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری داوامانکردووە کە پارتی و یەکێتی تا پێش ڕۆژی دەنگدان بە کاندیدەکانی سەرۆک کۆمار بگەنە ڕێکەوتن، بەڵام بەداخەوە نێوانی ئەو دوو لایەنە لەوە تێپەڕ بووە کە ئێمە بتوانین ناوبژیوانی زیاتر لە نێوان ئەواندا بکەین./.