لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە چاوەڕوانی دادگای فیدراڵی / ئایا گرێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمار دەکرێتەوە؟

(0) / / ڕاپۆرت / بارزانی سەدر حەلبوسی بەرهەم ساڵح


Feb 22, 2022

قەبارەی فۆنت:

ئەگەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە دژی کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتنی دووبارە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری عێراق بێت بە کردەوە پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنانە دەخرێتە دەرەوە.

لایەنە سیاسییەکانی عێراق هیچ ڕێگایەک بەدەر لە هەموارکردنەوەی دەستووری ئەم وڵاتە لە بەردەم خۆیاندا نابینن. پاش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کە هەرێمی کوردستان و بە تایبەت پارتی دیمۆکراتی کوردستان خۆیان بە دۆڕاوی دەبینن، بابەتی هەموارکردنەوەی دەستوور بووەتە جێی گرنگی و باسی لایەنە سیاسییەکان تا یەکەم قوربانیی خودی دادگای فیدراڵی بێت.

دەستووری عێراق بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی بە یەکلاکەرەوە بۆ سەرجەم دامودەزگاکان ناو بردووە و هیچ پێداچوونەوەیەکیش بە سەر بڕیارەکانیدا ناکرێت.

لایەنە سیاسییەکان و بە تایبەت هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکەی سەدر و بارزانی و حەلبوسی لە چاوەڕوانی ڕۆژی چوارشەممەدان تا لە کۆبوونەوەکەی 23 ی شوبات چارەنووسی دۆسیەی کردنەوەی دووبارەی دەرگای خۆپاڵاوتن بە ڕووی کاندیدەکانی سەرۆک کۆماردا یەکلایی بکرێتەوە.

ئەگەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە دژی ئەمە بێت، بە واتای ئەوەیە کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە پاش دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری هیچ کاندیدێکی بۆ ئەم هەڵبژاردنانە نابێت لە بەر ئەوەی کە ڕێبەر ئەحمەد و فۆئاد حوسێن لە قۆناغی دووەمدا ناوی خۆیان تۆمار کردووە. ئەگەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەو شێوەیە بێت ئەوا سێهەم لێدانە لە پارتی لە پاش دوورخستنەوەی زێباری و بەنایاسایی ناوبردنی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.

هۆشیار زێباری باس لە پیلانێک لە دژی خۆیی و پارتی دەکات. ئەو کە خۆیی بە سەربازە سیاسییەکەی مەسعود بارزانی ناساندووە، ڕایگەیاندووە کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ دوورخستنەوەی، هەنگاوێکی سیاسی و لە دەرەوەی بڕیاربەدەستانی دادگاوە بووە.

پەرلەمانی عێراق کاتی دانیشتنی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمار دیاری نەکردووە و پێناچێت کە ئەو دانیشتنە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەڕێوە بچێت بە تایبەت ئەوەی کە دادگای فیدراڵی بڕیاری بەردەوامبوونی بەرهەم ساڵحی لە پۆستەکەیدا داوە و بەمەش عێراق ناچێتە بۆشایی دەستووری و یاساییەوە.

لایەنە سیاسییەکانی عێراق تێڕوانینی جیاوازیان لە سەر مانەوەی بەرهەم ساڵح و مستەفا کازمی هەیە. سەدر هیچ کێشەیەکی لە گەڵ مانەوەی بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆک کۆماردا نییە بەڵام بارزانی وەک هاوپەیمانەکەی ئەم ڕۆژانەی سەدر، هێڵی سووری لە سەر بەرهەم ساڵح داناوە. بارزانی کێشەی لەوەدا نییە کە مستەفا کازمی ببێتەوە سەرۆک کۆمار بەڵام هەندێک لایەنی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی تێبینی جیدییان لە سەری هەیە.

لە گەرمەی ناکۆکییە سیاسییەکانی عێراقدا، هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکەی سەدر و بارزانی و حەلبوسی ناتوانێت 220 کورسییەکەی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دابین بکات و بۆ ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگی لە گەڵ شێعەکان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەیە، وێڕای ئەوەی کە ئەم دوو لایەنەش هەوڵی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەک بە 130 کورسییەوە دەدەن.

بەم حاڵەوە دوور نییە کە سیناریۆی لوبنان لە عێراق ڕوو بدات و قەیرانێکی بەربڵاوی سیاسی بە لێکەوتەی ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتی لەم وڵاتەش ببینرێت./.