شوان ڕابەر: ئەمریکا بە پشتکردن لە دۆستەکانی ڕاهاتووە

(0) / / چاوپێكەوتن / شوان ڕابەر کۆمەڵی دادگەریی کوردستان


Mar 01, 2022

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ڕایگەیاند کە وڵاتە زلهێزەکان بە تایبەت ئەمریکا بە پێی بەرژەوەندی خۆیان پەیوەندییان لە گەڵ وڵاتانی دیکەدا دەبێت.

شوان ڕابەر لە وتووێژێکدا سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئۆکرانیا و پەیام و لێکەوتەکانی، وتی: مێژووی ئەمریکا و زلهێزەکانی دیکە ئەوەی پیشانداوە کە سیاسەتی بەرژەوەندیخوازیی خۆیان پەیرەو دەکەن، بۆ ئێمەی کوردیش دەبێت ئاسایی بێت کە کاری بە ئێمە تەواو بوو پشتمان لێبکات یان لە گەڵ هێز و وڵاتێکی دیکە لە دژی کورد یەک بگرێتەوە، هەر بۆیە دەبێت کورد وانە لەم گۆڕانکارییانە وەربگرێت.

ناوبراو وتی: دەبێت کورد ئەوە لە بەرچاو بگرێت کە هەندێک جار زیان لەو پەیوەندییانە دەبینێت و هەندێک لە وڵاتانی پێ نیگەران دەبن و دەبێت باجی ئەو پەیوەندییانەش بدات.

ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان وتی: باشترە کە کورد هەمیشە پشت بە دۆستە ڕاستگۆکانی ببەستێت، ئەوانەی وەک دۆز، وەک زوڵملێکراوی، وەک ماف و شایستە لێی دەڕوانن و بێبەرامبەر هاوکاریی دەکەن.

شوان ڕابەر وتی: لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە کورد لە ناوخۆدا یەکگرتوو بێت نەک ئەوەی کە دۆزی کورد بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندی لایەنەکانی دیکە، ئێستاش کە شەڕێکی گەورە لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا هەیە و ئەگەری ئەوەش هەیە کە ناوچەکەی ئێمەش بگرێتەوە، کورد دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە بکات و نەبێتە بەشێک لە ململانێکان.

وتیشی کە ئەمریکا بە کشانەوەی لە عێراق و پشتکردن لە دۆستەکانی تا دێت ڕۆڵی لاوازتر دەبێت و نابێت کورد تەنیا پشت بە واشنتن ببەستێت./.