تورکیا دیسانەوە لە دۆسیەی خاشقچی چی دەوێت؟

(0) / / ڕاپۆرت / ئەردۆغان خاشقچی


Apr 03, 2022

قەبارەی فۆنت:

بڕیارەکەی تورکیا بۆ ڕادەستکردنی دۆسیەی تاوانبارانی تیرۆری جەمال خاشقچی بە سعوودیە، گۆڕانکارییەکی ئاشکرایە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە و کاردانەوە و شرۆڤەی جیاجیای بە دواوە بووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوو جارێکی دیکە دۆسیەی تیرۆری ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگەری سعوودیە لە کۆنسووڵخانەی ئەو وڵاتە لە ئیستەنبووڵی تورکیا کەوتەوە ڕیزی هەواڵ و ڕاپۆرتە گرنگەکانی میدیاکانی ناوچەکە و جیهان. ئەمجارە تورکیا بڕیاریدا کە دۆسیەی تیرۆری ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕادەستی سعوودیە بکاتەوە، ئەمەش بە هەنگاوێکی نوێی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ سعوودیە و وەرگرتنی هاوکارییە داراییەکانی ئەو وڵاتە دانراوە.

بەشێکی زۆری شارەزایانی کاروباری سیاسیی ناوچەکە ڕایانگەیاندووە کە بڕیارەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە پێناو باشترکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و سعوودیە بووە، بە تایبەت لە پاش باشتربوونی پەیوەندییەکانی ئیمارات و تورکیا کە لایەنی ئیماراتی ڕایگەیاندووە بە بڕی 10 ملیار دۆلار لە تورکیا سەرمایەگوزاری دەکات.

پەیوەندییەکانی تورکیا و سعوودیە لە ساڵی 2011 و هاوکات لە گەڵ بەهاری عەرەبی لە ناوچەکە ڕووی لە ئاڵۆزبوون کرد. ئەم ئاڵۆزییەش لە ساڵی 2017 و بە گەمارۆی قەتەر لە لایەن سعوودیە و چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبییەوە زیاتر بوو و لە ساڵی 2018 بە تیرۆری جەمال خاشقچی لە لایەن سعوودیەوە لە ئیستەنبووڵی تورکیا گەیشتە لوتکە.

بەڵام دوو ساڵی ڕابردوو ناوچەکە ڕوبەڕوی گۆڕینی تێڕوانینی وڵاتان لە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ یەکتر بووەتەوە، لە لایەکەوە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس ڕێگای دیپلۆماسییان لە کێشە و ناکۆکییەکانیان لە گەڵ قەتەر هەڵبژارد و بە باشترکردنی پەیوەندییەکانی ئیمارات و تورکیا، خواستی خۆیان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە پیشاندا.

تورکیاش پاش ئاڵۆزییەکانی لە گەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس بە تایبەت سعوودیە و ئیمارات، لە ماوەی ڕابردوو سیاسەتی بە سفر گەیاندنی ئاڵۆزییەکانی پەیرەو کردووە، وتووێژی نێوان بەرپرسانی باڵای تورکیا لە گەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل و سعوودیە لەم پێناوەدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.

بە وتەی چاودێران، ئەردۆغان سەبارەت بە دۆسیەی خاشقچی، سەرەڕای بانگەشەی سەرەتایی وڵاتەکەی بۆ دادپەروەری لەم دۆسیە و ڕاگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە کە پیشاندەری پەیوەندی بەرپرسانی باڵای سعوودیە بەم دۆسیەوە بوو، لەم قۆناغەدا داهاتووی سیاسی خۆی و باشترکردنی قەیرانە ئابورییەکانی بە تایبەت بەرزکردنەوەی بەهای لیر و کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان لە ڕێگای سیاسەتی دەرەوەی بەهێزتر و ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی داناوە و بۆ ئەمەش ڕووی لە سعوودیە کردووە.

بە گشتی دەتوانین بڵێین کە گۆڕینی تێڕوانینی تورکیا لە سیاسەتی دەرەوە و هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و سعوودیە، ئیمارات و ئیسرائیل، سەرەڕای ئامانجی ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی، هەوڵێکە لە پێناو دابینکردنی هاوسەنگی لە نێوان هێزەکانی ناوچەکە لە داهاتوودا./.