تورکیا و ئامانجەکانی لە هەرێمی کوردستان

(0) / / ڕاپۆرت / تورکیا هەرێمی کوردستان


Apr 06, 2022

قەبارەی فۆنت:

تورکیا لە چەند ساڵی ڕابردوو لە پێناو مسۆگەربوونی ئامانجە سەربازی و ئابورییەکانی پەرەی بە بوونی خۆی لە هەرێمی کوردستان و عێراق داوە.

لە میانەی ساڵانی ڕابردوو، هێرش و دەسدرێژییە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق، ژمارەی بنکە سەربازییەکان و هێزەکان و بیانوو و پاساوەکانی ئەنکەرە بۆ ئەو هێرشانە و ئامانجە شاراوەکانی، قسە و باسی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە.

دەتوانین کۆمەڵە ئامانجێکی ئەنکەرە لە ڕووی ئەمنی، سەربازی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ناو ببەین کە بەشێک لەوانەش لە لایەن تورکیاوە بە ڕاشکاوانە باس کراوە و بەشی دیکەشی لە لایەن دۆستان، هاوپەیمانان، ڕکابەرەکان و دوژمنانی ئەو وڵاتەوە ئاماژەی پێدراوە.

ئامانجەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق

پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا لە بەرامبەر جموجوڵەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەردەوام وەک پاساوێکی ئەنکەرە بۆ هێرش و دەسدرێژییەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق باس کراوە. تورکیا لە پێناو ئەم بیانووەدا نەک تەنیا ناوچە سنورییەکان بەڵکوو چەندین ناوچەی لە پارێزگای نەینەوا داگیر کردووە. لەو ناوچانەش کە تورکیا داگیری کردوون، بنکەی سەربازی، بە هەزاران سەرباز و جۆرەکانی چەکی قورس و پێشکەوتوو جێگیر کراوە وەک بنکەی سەربازیی ئەو وڵاتە لە باشیک لە پارێزگای نەینەوا و ئەوانەش کە لە پارێزگای دهۆک بوونیان هەیە.

دووەم ئامانجی تورکیا بۆ هەوڵەکانی ئەو وڵاتە لە پێناو زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەگەڕێتەوە. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمار و میدیاکانی تورکیا بە ڕاشکاوانە بانگەشە بۆ ئەم ئامانجە دەکەن.

لە کاتێکدا کە ئەردۆغان دەڵێت وڵاتەکەی پلانی داگیرکردنی خاکی هیچ وڵاتێکی لە ناوچەکە نییە، ئەم وڵاتە بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گەشەپێدانی هەژموون و پاوانخوازی خۆی.

هەروەها پاراستن و بەرگری لە مافی تورکمانەکانی عێراق وەک ئامانجێکی دیکەی حکومەتی تورکیایە کە زۆربەیان لە پارێزگای کەرکوک جێگیرن. ساڵی 2021 باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کەرکوکی بە شارێکی تورکمان ناو برد و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی تورکمانەکان.

سەبارەت بە ئامانجەکانی دیکەی تورکیا لە عێراق دەتوانین بڵێین کە ئەردۆغان دەیەوێت وڵاتەکەی خاوەن پێگە و کاریگەر و باڵادەستی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت و لە هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵ و کاریگەری خۆی پیشان بدات. ئەم ئامانجەش لە گەڵ هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی یەک دەگرێتەوە.

زیاتر لەمەش، دامەزراندنی " ڕێکخراوی وڵاتانی تورک " لە ساڵی 2009 وەک هاوپەیمانییەکی ئابوریی ناوچەیی بە بەشداریی ژمارەیەک لە وڵاتانی تورک زمان و بە چاودێری و لە ژێر کاریگەریی تورکیا وەک بەشێک لە پاوانخوازییەکانی تورکیا و ئەردۆغان پێکهێنرا.

گومان لەوەدا نییە کە عێراق لەم سیاسەتەی تورکیا لە سەروی ئەو وڵاتانەدایە کە ئەردۆغان و کاربەدەستانی دیکەی ئەو وڵاتە چاویان خستووەتە سەر و بە دەیان بنکە و بارەگای سەربازیی لە خاکی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق کردووەتەوە.

بە پێی زانیارییەکان زیاتر لە 7 هەزار سەربازی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە جێگیر کراون و لە ڕوبەرێکی 100 کیلۆمەتری لە قووڵایی خاکی عێراقدا هاتووچۆ دەکەن. بەدەر لە بنکە و بارەگای هێزە سەربازییەکان، دەزگای هەواڵگری تورکیاش ناسراو بە میت لە هەرێمی کوردستان چالاکییەکی بەربڵاوی هەیە و بە تەنیا لە پارێزگای دهۆک چەندین بنکەی نهێنیی هەیە. میت پەیوەندیی بە ژمارەیەک لە حیزب و لایەنە سیاسییە عێراقی، کوردی، تورکمان و عەرەبییەکانەوە هەیە و بوونی خۆیی لە عێراق تێکەڵ بە هەندێک کاروباری ئابوریش کردووە.

لە لایەکی دیکەوە بە سەدان کۆمپانیای تورکیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق چالاکی دەکەن و بازاڕەکانی ئەم وڵاتە کەوتووەتە دەستی تورکیا و کاڵا و بەرهەمی ئەو وڵاتە.

ئەم ئامادەبوونەی تورکیا لە بوارەکانی ئەمنی، سەربازی، هەواڵگری و ئابوری وایکردووە لە ڕووی سیاسیشەوە ببێتە وڵاتێکی کاریگەر لە عێراق. ئەوەش لە جموجوڵە سیاسییەکانی ئەنکەرە لە پاش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی ئەم وڵاتە بینراوە./.