پولەکەی پاپا و سەرهەڵدانەوەی ویستی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق

(0) / / ڕاپۆرت / پاپای ڤاتیکان


Mar 12, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرەڕای ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە پولەکەی تایبەت بە سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ هەولێر تەنیا پێشنیاری چەند هونەرمەندێک و نافەرمی بووە، بەڵام لە سەر ئاستی عێراق و بە تایبەت لە کەرکوک کاردانەوەکان لە دژی ئەم هەنگاوە بەردەوامە.

لە یەکێک لەو پولانە کە هەرایەکی زۆری ناوەتەوە، نەخشەی کوردستانی گەورە دیار بوو کە بەدەر لە هەرێمی کوردستان چەند ناوچەیەکی وەک کەرکوک و نەینەوا لە عێراق و هەروەها چەند بەشێکی تورکیا و ئێرانیشی دەگرتەوە.

هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش حاتەم تائی وتەبێژی ئەنجومەنی عەرەبی کەرکوک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ئەو پولەی لە سەردانەکەی پاپا لە هەولێر ڕونوێنی کرا، هەوڵێکی جیابوونەوەیە لە عێراق و بەدەر لە خاکی هەرێمی کوردستان، کەرکوک و نەینەواشی پێوە لکێندراوە.

ناوبراو دژی ئەوەیە کە کەرکوک لەو پولەدا هاتووە و وتی کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە خاکی عێراق و چاپی پولەکەش دەبێت لە ڕێگای وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی فیدراڵییەوە بێت و ئێمە لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ناڕەزایەتی توندی خۆمان بەرامبەر بەم هەنگاوەی حکومەتی هەولێر دەربڕیوە.

هەروەها نیازی معمار ئۆغلۆ  لە سەرکردەکانی بەرەی تورکمانی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڵاوەپێکردنی ئەو نەخشەیە لە چەند ساڵی ڕابردوو تا ئێستا تۆمەتبار کرد و وتی کە پولەکە هەنگاوێکی بەئەنقەستە و پلانی پێشوەختەی بۆ داڕێژراوە و پەرلەمانی عێراق دەبێت لە سەر ئەم پرسە لێکۆڵینەوە بکات و بێدەنگ نەبێت.

تورکیا یەک لەو وڵاتانە بوو کە بە توندی لە بەرامبەر پولەکەی سەردانەکەی پاپا هاتە دەنگ. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و داوای لە بەرپرسانی عێراقی کرد کە ڕێز لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچەکە بگرن.

بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە سەردانەکەی پاپا وەک بیانوویەک بۆ باوەپێکردنی ویستی جیابوونەوەیان لە عێراق کەڵکیان وەرگرتووە.

سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی توندی تاران داوای لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق کرد کە بەپەلە ئەو هەڵەیە ڕاست بکەنەوە و پولەکەشی بە هەنگاوێکی نادۆستانە ناو برد.

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دوا جار لە کاردانەوەی بەرامبەر بە ناڕەزایەتی وڵاتانی تورکیا و ئێران ڕایگەیاند کە ژمارەیەک لە هونەرمەندان پێشنیارەکانی خۆیان سەبارەت بەو پولانە دابووە وەزارەتی گواستنەوە بەڵام هێشتا هیچ یەک لەو پێشنیارانە پەسەنە نەکراوە.

بەڵام محەممەد حاجی مەحمود سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیمۆکراتی کوردستان چاپی ئەو پولەی بە هەنگاوێکی ئەرێنی ناو برد و وتی کە سەرجەم لایەنەکان دەبێت بێ ئەوەی ترسیان هەبێت پاڵپشتی لەم هەنگاوە بکەن.

یەکێک لە سەرکردەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستانیش بە العربی الجدید ی ڕاگەیاند کە نەخشەکە پیشاندەری ئەو ناوچانەیە کە بە زۆرینە کوردن و ئەمەش بۆ کەشێک شاراوە نییە، کوردەکان زیاتر لە سەدەیەکە کە بە پێی ڕێکەوتنی سایکس پیکۆ بە سەر چوار وڵاتی تورکیا، عێراق، ئێران و سوریا دابەش کراون و نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد بۆچوونی زۆریان لە سەر ئەمە هەیە و بە واتای ئەوە نییە کە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی پەسەند کراوە.

بەڵام لە بەرامبەردا ئەحمەد غالب ئەندامی ڕەوتی مەدەنی عێراق وتی کە دۆخی ناوخۆیی عێراق بەرگەی ئەم بابەتانە ناگرێت و بڵاوکردنەوەی ئەم نەخشەیە ویستی ئاشکرای هەرێمی کوردستانە بۆ جیابوونەوە.

سەرچاوە: میدل ئیست نیوز