بارەگای بارزانی مەرجێکی بۆ کۆبوونەوە لە گەڵ لاهور شێخ جەنگی دانا

(0) / / كوردستان / مەسعود بارزانی


Mar 13, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەرپرسی دۆسیەی حکومەت و پەرلەمان لە بارەگای بارزانی مەرجێکی بۆ کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕاگەیاند.

ئامینە زکری لە ڕاگەێندراوێکدا نووسیویەتی: "ئەم چەند ڕۆژە زۆر قسە لە سەر مەسەلەی دانیشتنی جەنابی سەرۆک بارزانی ‌و کەسێک لە حزبێکی دیکە دەکرێت، سەرەتا دەبێت بڵێم جەنابی سەرۆک هەمووکات، هەموو سەردەمێک ئەگەر زانیبێتی بابەتێک ئاشتی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە، سەقامگیریی سیاسی دروستدەکات، هیچکات دودڵ نەبووە، تەنانەت ئەگەر لە سەر حسابی قوربانیدانی خۆیی‌ و حزبەکەشی بووبێت، مێژوو لە سەر ئەم قسەیەم شاهێدە".

ناوبراو دیسانەوە دۆسیەی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ی کەرکوکی هەڵداوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە " لەبارەی بابەتی ئەم دانیشتنەش کە ئێستا باسێکی گەرمە، دەبێت بپرسین ئایا سەرۆک بارزانی کێشەی شەخسی لەگەڵ کەسێک هەیە؟ ئایا ئەوەی لە کەرکوک‌ و شانزەی ئۆکتۆبەر کرا بەرامبەر سەرۆک بارزانی بوو یان بەرامبەر بە هەموو گەلی کوردستان؟ کێ هەبوو لەم وڵاتە دڵی نەشکێت، چ کوردێک ئازاری نەبینی بەهۆی شانزەی ئۆکتۆبەرەوە؟".

ئەو بەرپرسەی بارەگای بارزانی لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە، "کەواتە کەسێک ئەم کارەی کردبێت داوای لێبوردنێک لە هەموو خەڵکی کوردستان ‌و گەلی کوردستان قەرزارە، ئەگەر ئەمە ڕویدا ئەوکات دانیشتن ‌و کۆبونەوەش ئاساییە"./.