مەسرور بارزانی لە لەندەن لە چی دەگەڕا؟ ئایا کێبڕکێی ڕووسیا دەکات؟

(0) / / فایلی تایبەت / مەسرور بارزانی بۆریس جۆنسۆن


Apr 20, 2022

قەبارەی فۆنت:

سەردانەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لەندەن دەستبەجێ پاش سەردانەکەی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لە گەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کاردانەوەی زۆری لە ناوخۆی عێراقدا لێکەوتەوە. ئامانجی بارزانی ئەوەیە شوێنی ڕووسیا لە بازاڕەکانی جیهانی وزەدا بگرێتەوە. ئایا تورکیا بووەتە ئەڵقەی پێکەوەلکانی هەرێم و ئەورووپا؟

بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕۆژی سێ شەممە لە گەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لەندەن کۆبووە. ڕاگەێندراوی کۆبوونەوەکە باس لەوە دەکات کە هەر دوو لا گرنگترین گۆڕانکارییەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ کردووە.

ڕاگەێندراوی تایبەتی حکومەتی بەریتانیاش باسی ئەوەیکردووە کە لەو کۆبوونەوەدا جەخت لەوە کراوەتەوە وزەی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی ئەورووپا بکرێت و لە بەسراوەیی ئەم ناوچەیە بە نەوت و گازی ڕووسیا کەم بکرێتەوە.

شرۆڤەکارانی کاروباری ناوچەکە دەڵێن کە بیرۆکەی ناردنە دەرەوەی گازی هەرێمی کوردستان لە لایەن بارزانییەوە ڕوبەڕوی ئاستەنگی جیدی دەبێتەوە. یەکەم ئاستەنگ و گرنگترینی ئەوەیە کە گازی هەرێم زیاتر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە. دووەم ئاستەنگ ئەوەیە کە ئایا زلهێزێکی وەک ڕووسیا بە ئاسانی موڵەتی ئەوە دەدات هەرێمێکی بچووکی وەک کوردستان زیان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی بگەێنێت.

تورکیا کە هاوردەکاری گازی ئێرانە دەیەوێت گازی هەرزانتر لەو وڵاتەی دەست کەوێت و بە پێی بەسراوەیی بارزانییەکان بە سیاسەتی ئەنکەرەوە ئەمە باشترین هەلە و دەتوانێت لە داهاتووشدا وەک کارتێکی گوشار لە دژی دەسەڵاتی هەولێر بەکاری بێنێت.

سێهەم ئاستەنگی جیدی بۆ بڕیارەکەی دادگای باڵای عێراق و قەدەغەکردنی هەناردەی ڕاستەوخۆی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە. بارزانییەکان بە بێ کۆدەنگی ناوخۆیی و هەماهەنگی حکومەتی ناوەندی هیچ کات لە ئامانجەکەی خۆیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی دۆسیەی گازی هەرێم سەرکەوتوو نابن.

پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئایا خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق و بەرژەوەندی وڵاتانی وەک ئێران و ڕووسیا بە ئاسانی ئەو دەرفەتە دەدەنە بارزانییەکان کە سیاسەتی تاکلایانەی خۆیان کە هیچ خوێندنەوە و دووربینییەکی بۆ نەکراوە، سەر بگرێت. بێگومان ئەم پرۆژەش وەک دۆسیەی نەوت و ئابورییە سەربەخۆکە شکست دەهێنێت./.