کۆنفدراڵیزمەکەی مەسرور بارزانی ئایا هەمان هەوڵی جیابوونەوەی پێشووە؟

(0) / / ڕاپۆرت / مەسرور بارزانی مەسعود بارزانی


Apr 24, 2022

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای جێبەجێکردنی سیستەمی کۆنفدراڵیزمی لە عێراق کرد، ئەمەش جارێکی دیکە سرنجی شارەزایان و سیاسەتمەدارانی خستووەتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و حکومەتی ناوەندی لە بەغدا.

مەسرور بارزانی هەفتەی ڕابردوو لە سەردانەکەی بۆ لەندەن لە لێدوانێکدا داوای جێبەجێکردنی سیستەمی کۆنفدراڵیزمی بۆ عێراق کرد و وتی کە جێبەجێکردنی ئەم سیاستەمە هێزێکی زیاتر بە دانیشتووانی عێراق دەدات و دانیشتووانی ڕەسەن دەبێت ناوچەکانی خۆیان بەڕێوە ببەن.

سیستەمی کۆنفدراڵیزم یەکگرتنی نێوان چەندین وڵاتی سەربەخۆیە کە ڕێکەوتنێک لە پێناو دیاریکردنی ئامانجە هاوبەشەکان واژۆ دەکەن و هەر یەک لەوان سەربەخۆ هەوڵی گەیشتن بەو ئامانجانە دەدەن و دەستەی هاوبەشی نوێنەرایەتی لە نێوان ئەواندا پێک دەهێندرێت.

ئەندامانی ئەو دەستە هاوبەشانە بە ناوی کۆڕی گشتی چالاکی دەکەن و ئەندامەکانی نوێنەرایەتی وڵاتی خۆیان دەکەن و بڕیارەکانیش بە شێوازی کۆدەنگی دەبێت.

بە پێچەوانەی سیستەمی فیدراڵیزم، لە سیستەمی کۆنفدراڵیزم، هەر وڵاتێک مافی سیاسەتی دەرەوەی سەربەخۆ و نوێنەرایەتی دیپلۆماسی تایبەت بە خۆیی لە وڵاتانی دیکەدا هەیە و لە ڕاگەیاندنی شەڕ و ئاشتیدا بە شێوازی سەربەخۆ بڕیار دەدات.

گەڵاڵەکردنی ئەم پێشنیارە بە تەواوی نایاساییە و لە دەستووری عێراقدا هاتووە کە سیستەمی ئەم وڵاتە فیدراڵییە، بە واتایەکی دیکە، دەستوور بوونی حکومەتی ناوەندیی بە فەرمی ناسیوە. سیستەمی کۆنفیدراڵیزم بە واتای کۆتایی هێنانی سەرجەم دەسەڵاتەکانی حکومەتی ناوەندیی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی لە ساڵی 2017 ڕیفراندۆمی جیابوونەوە لە عێراق جێبەجێ کرا بەڵام بە ئامانجەکانی نەگەیشت.

ساڵانێکە کە هەولێر و بەغدا لە سەر کێشەی دارایی نەگەیشتوونەتە ڕێکەوتن، ئەمەش بڕینی بەشە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتووەتەوە و هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە هەرێم پابەندییە داراییەکانی جێبەجێ نەکردووە. لە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە ڕادەستکردنی لە سەدا 25 ی داهاتە نەوتییەکان بەڵام هیچ کات ئەمەی جێبەجێ نەکردووە.

دەستووری عێراق دەڵێت کە پارێزگاکانی ئەم وڵاتەش دەتوانن ببنە هەرێمێکی فیدراڵی، سەرەکیترین مەرجیش ئەوەیە کە دانیشتووانی هەر پارێزگایەک لە گشت پرسییەکدا دەنگ بەمە بدەن./.