تێچووە سەربازییەکانی جیهان ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد

(0) / / فایلی تایبەت / ئەمریکا ڕووسیا ئۆکرانیا


Apr 25, 2022

قەبارەی فۆنت:

بە پێی ڕاپۆرتی دامەزراوەیەکی توێژینەوەیی، بودجەی تەرخانکراو بۆ تێچووە سەربازییەکان لە وڵاتانی جیاجیای جیهان ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمار کردووە.

تێچووە سەربازییەکانی وڵاتانی جیهان لە ساڵی 2021 بە تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ گەیشتە زیاتر لە 2 تریلیۆن دۆلار.

دامەزراوەی توێژینەوەیی " ئاشتی جیهانیی ستۆکهۆڵم " ڕایگەیاند کە بودجەی تەرخانکراوی وڵاتانی جیهان بۆ کاروباری سەربازی لە ساڵی ڕابردوو لە سەدا 0.7 بەرزبوونەوەی هەبووە و گەیشتووەتە 2 تریلیۆن و 113 ملیار دۆلار.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەمریکا، چین، هیندستان، ڕووسیا و بەریتانیا زیاترین بودجەی سەربازییان هەبووە و بە گشتی لە سەدا 62 ی ئەو دوو تریلیۆن دۆلارە بۆ ئەوان بووە.

ئەلکساندر مارکشنایدر لە شارەزایانی ئەو دامەزراوەیە ڕایگەیاند کە ئەمریکا بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە زاڵبوونی سەربازیی بە سەر ڕکابەرەکانی دیکەیدا دەبێت وەک خۆی بمێنێتەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئۆکرانیا سەرەڕای ئەوەی کە بەراورد بە هێزە سەربازییەکانی گەورەی جیهان پشکی بەرچاوی لە تێچووە سەربازییەکان نەبووە، بەڵام بودجەی سەربازیی لە ساڵی 2014 و بە لکاندنی کرێمە بە ڕووسیاوە، لە سەدا 72 بەرز کردووەتەوە.

ئێرانیش لە ساڵی 2021، بودجەی سەربازیی خۆیی بە لە سەدا 11 بەرزبوونەوە، گەیاندووەتە 24 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار.

ئەمریکا سەرەڕای بودجەیەکی زۆری سەربازی، پارەیەکی زۆریش لە پێناو هەڵگیرسانی شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان بەکار دێنێت، ئۆکرانیا و تایوان دوو نموونەی ئەو شوێنانەی کە دەستی ئەمریکای بۆ دژایەتی ڕووسیا و چین تێدا بە ڕوونی دەبینرێت./.