(دووشەممە)یەک لەبەردەم ئەمریکییەکاندا ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

(0) / / وتار / ڕوانگە ئەمریکا ئازاد ئیبراهیم


Nov 04, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - هەڵبژاردنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە رۆژی سێ شەممە ئەنجام دەدرێت، یەکێکە لەو رووداوە گەورانەی جیهان، بە ویست و بێویست مرۆڤ دەباتە بەردەم چاوەڕوانی دەرئەنجام و لێکەوتەکەی، لەم کردەیەدا شتێک نییە ناوی خۆبێئاگاکردن و حەقنەبوون بێت بەسەر دەرئەنجامەکەیەوە بەتایبەت ئەم هەڵبژاردنە وادەبینرێت ئەمریکا بخات بە بارێکدا لەمێژووی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا نەبینرابێت.

بەپێی ئەنجامی راپرسییەکان کە هەردوو کاندیدەکە رێژەی دەنگەکانیان نزیکە لەیەکترەوە و بەهۆی پەیامی هەردوو کاندیدەکەوە، چاوەڕواندەکرێت دۆخی ئەمریکا بەرەو پێکدادان و ئاڵۆزی زیاتر بڕوات، ترەمپ دەیەوێت لەگەڵ دەرنەچوونیدا، تەواوی کۆمارییەکان لەگەڵ خۆیدا بهێنێتە سەر شەقام، کامالاریسیش ئەمریکییەکان وەها ئاراستە دەکات ئەگەر براوە نەبێت، ئەوا ئەمریکییەکان باجی هەڵوەشانەوەی تەواوی سیستمی سیاسیی ئەمریکا دەدەن و لەئەمریکایەکی جیهانییەوە سەرقاڵدەبن بە کێشە ناوخۆییەکانیانەوە.

نووسەرێکی ئەمریکا تەمەن 80 ساڵ بەناوی پۆب ۆرۆرد ئەم هەڵبژاردنەی بە (جەنگ) ناوبردووە، لە راستیدا خاڵی لێکچوونی ئەم هەڵبژاردنە بە جەنگ، هەموو ئەو هەڕەشانەیە ئەگەری هەیە رووبدات لە ئەمریکادا، یان پێویستە ئەمریکا رووبەروویان ببێتەوە لەدوای هەڵبژاردن، پۆب پێیوایە لەدوای سێ شەممە ئەمریکای دوو شەممە نابیننەوە، بۆیە ئەمریکییەکان کەوتوونەتە دۆخێکی ناهاوسەنگ و دڕدۆنکەوە و تەنها دووشەممەیان لەبەردەمدا ماوە بیربکەنەوەو بڕیار لەسەر کاندیدێکی گونجاو بدەن لەنێوان ئەو دوو کاندیدەدا.

دواجار حەقیقەت ئەوەیە، هەر کاندیدێک براوەبێت، دژی ئامانج و ستراتیژییەتی ئەمریکا نییە لە جیهاندا، چونکە سەرۆک تەنها روخسارە و سیاسەت پلانی ئەمریکای گەورە کە ئیش لەسەر خۆرهەڵاتێکی نوێ دەکات لەگەڵ ئیسرائیل، جێگیرە.