لە دهۆک تا شەنگال، لە هەرێمی کوردستانن و عێراق چی دەگوزەرێت؟

(0) / / فایلی تایبەت / تورکیا بارزانی


May 07, 2022

قەبارەی فۆنت:

ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئامێدی پارێزگای دهۆکەوە تا دەگاتە شەنگال لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا وەک یەکێک لە ناوچە جێناکۆکەکان بە ڕوبەرێکی نزیک 7 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە و مەودایەکی نزیک 200 کیلۆمەتری، بەم دواییانە کۆمەڵە ڕووداوێکی سەربازیی بە خۆوە بینی، لە هێرش و دەسدرێژییەکانی سوپای تورکیا تا لەشکرکێشی سوپای عێراق.

هێرشە سەربازییەکانی تورکیا ئەمجارەش وەک هەمیشە بە بیانووی بوونی هێزەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کرا، سوپای عێراقیش بە هەمان بیانوو و بۆ دژایەتی پەکەکە و هێزەکانی نزیک لەو حیزبە لەشکرکێشیی کردە سەر شەنگال. سوپای عێراق لە ژێر گوشارەکانی تورکیا و بە بیانووی ئەوەی یەبەشە بەشێکە لە پەکەکە، هێرشی کردە سەر شەنگال.

هێرشەکانی ئەمجارەی تورکیا تا قووڵایی 100 کیلۆمەتری خاکی هەرێمی کوردستان بووە بەڵام هێرشەکانی سوپای عێراق تەنیا شەنگالی گرتەوە.

پارتی تۆمەتبارە بە هەر دوو هێرشەکە

تێڕوانینی زۆر لە سەر هەر دوو هێرشەکە هەیە و پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی وەک تۆمەتباری سەرەکیی پشتەوەی هەر دوو هێرشەکە ناو براوە.

هێرشەکانی تورکیا تەنیا دوو ڕۆژ پاش سەردانەکەی مەسرور بارزانی کوڕی سەرۆکی پارتی بۆ ئەنکەرە و کۆبوونەوەی لە گەڵ ئەردۆغان کراوە. بە ڕای چاودێران، هێرشەکەی ئەمجارەی تورکیا ئەنجامی هاوئاهەنگی ئەمنیی ئەنکەرە و هەولێر لە پاش سەردانەکەی مەسرور بارزانی بووە.

ئەوەی کە لە لەندەن هێرش کرایە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی مەسرور بارزانی و هێلکە باران کرا، ئەنجامی ئەم سیاسەتە هاوبەشەی پارتی و تورکیا بووە و لە لەندەن بە ئاشکرا بارزانی بە خیانەت بە گەلی کورد و هاوکاریکردنی دوژمنێکی وەک ئەردۆغان و تورکیا تۆمەتبار کرا.

لە لایەکی دیکەوە، هێرشەکەی سوپای عێراق بۆ سەر یەبەشە لە شەنگال بە ئەنجامی هاوئاهەنگی هەولێر و بەغدا و ڕێکەوتنە هاوبەشەکەی ساڵی 2020 ی هەر دوو لا لە سەر ئەو شارە دادەنرێت. بە پێی ئەو ڕێکەوتنە کە لە 9 ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 واژۆ کرا، بڕیار درا کە دۆسیەی ئەمنی شەنگال بە هاوبەشی حکومەتی ناوەندی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە ببرێت.

ڕێکەوتنەکەی شەنگال لە هەمان سەرەتاوە ڕوبەڕوی ناڕەزایەتی و دژایەتی توندی ئێزدییەکان وەک دانیشتووانی ڕەسەنی شارەکە بوویەوە و هەر ڕێکەوتنێکیان بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی شەنگال بە بێ بەشداری ئێزدییەکان ڕەتکردەوە و بەم هۆیەوە ڕێگرییان لەوە کرد کە هێزەکانی پارتی بگەنە شارەکە.

تورکیا و ئامادەکاری بۆ جیاکردنەوەی بەشێک لە خاکی عێراق

بەدەر لە تۆمەتبارکردنی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە هەر دوو هێرشە سەربازییەکەی تورکیا و عێراق، تێڕوانینێکی دیکە ئەوەیە کە سیاسەتی ئەنکەرە لە دوورمەودا جیاکردنەوەی بەشێک لە خاکی ناوچەکانی باکوری عێراقە و لکاندنی بە خاکی خۆیەوە لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی لۆزان.

ئەم تێڕوانینە بە پێی کۆتایی تەمەنی ڕێکەوتنی لۆزان لە 24 ی تەمموزی ساڵی 2023 دەڵێت کە تورکیا بە پێی ڕێکەوتنەکە دەتوانێت داوای گەڕاندنەوەی بەشێک لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکوک، دهۆک و هەولێر بکات و هێرشە سەربازییەکانیش بۆ ئەوەیە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بخاتە بەردەم ئەمری واقیعەوە.

هەر بۆیە هاتنی سوپای تورک تا قووڵایی 100 کیلۆمەتری خاکی هەرێمی کوردستان سەرەڕای بوونی زیاتر لە 30 بنکەی سەربازی بە پەیوەندیدار بەم دۆسیەوە ناو دەبەن و بیانووی پەکەکەش وەک پاساوێک بۆ ئەم ئامانجەی دەسەڵاتدارانی ئەنکەرە دادەنرێت.

شەنگال و پەیوەندی بە ڕێگای ئاورێشمەوە

سەبارەت بە شەنگال تێڕوانینێکی دیکە هەیە کە ئەویش هەوڵدانە بۆ شکستی پرۆژەی ڕێگای ئاورێشمی چین. لەم چوارچێوەدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەوڵ دەدەن لە پێناو شکستی ئەو پرۆژەیە، پێگەی ستراتیژی شەنگال لە ناو ببەن.

بە پێی ئەم بۆچوونەش، ئەمریکا وەک جێگرەوەیەکی پرۆژەی ڕێگای ئاورێشمی چین هەوڵ دەدات ئیسرائیل بکاتە ناوەندی ترانزێتی وزە لە ناوچەکە بەرەو ئەورووپا و هێرشەکەی سوپای عێراقیش هاوکاتە لە گەڵ ئەم سیاسەتەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە دژی شەنگال و دەرهێنانی لەم پێگە ستراتیژییە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە کە درێژەی هێڵی وشکانیی ڕێگای ئاورێشم بڕیارە بە شەنگالدا تێپەڕ ببێت.

ئەمانە سەرجەم ئەو بۆچوونانەیە کە سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سوپای تورکیا و سوپای عێراق لە هەرێمی کوردستان و شەنگال باس کراوە. بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە کە هێرشەکەی سوپای عێراق لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ماڵباتی بارزانی و تورکیایە نەک بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی عێراق.

یەبەشە هاوپەیمان یان دوژمن؟

بەشێک لە چاودێران بە ئاماژە بە شەڕی هێزەکانی یەبەشە لە ساڵی 2014 تا 2017 لە دژی گرووپی تیرۆریستی داعش وەک هاوپەیمانێکی سوپای عێراق، ڕایانگەیاندووە کە شەڕی دژ بەم هێزە بە پێچەوانەی بەرژەوەندییە گشتییەکانی عێراقە.

چاودێرانی عێراق جەختیان کردووەتەوە کە سەرقاڵکردنی سوپای ئەم وڵاتە بە شەڕی شەنگالەوە ئەنجامێکی نابێت و تەنیا لایەنی براوە ئەردۆغان و تورکیایە کە هەوڵی داگیرکردنی شەنگال و ڕادەستکردنی بە پارتی و بارزانی دەدات.

یەبەشە هۆشداری بە حکومەتی عێراق دەدات

فەرماندەیی هێزەکانی یەبەشە حکومەتەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بە شوێنکەوتوویی حکومەتی تورکیا لە شەنگال تۆمەتبار کردووە و ڕایگەیاندووە کە هێرشەکەی سەر شەنگال بە پاڵپشتی پارتی دیمۆکراتی کوردستان کراوە.

یەبەشە کێشەی شەنگالی بە سیاسی ناو بردووە نەک سەربازی و ڕایگەیاندووە کە مستەفا کازمی ئامادەکاریی بۆ داگیرکردنی شەنگال لە لایەن تورکیاوە کردووە.

یەبەشە ڕەتیکردووەتەوە کە چەک دابنێت و ڕایگەیاندووە کە موڵەت و دەرفەتی ئەوە نادات ئێزدییەکان جارێکی دیکە وەک ساڵی 2014 مەترسییان لە سەر بێت./.