جزیرە هۆکاری سەردانەکەی بەشار ئەسەدی بۆ تاران ئاشکرا کرد

(0) / / ئاسیا / بەشار ئەسەد


May 10, 2022

قەبارەی فۆنت:

سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی بەشار ئەسەد بۆ تاران، هەماهەنگی پێویست لە پاش کشانەوەی هەندێک یەکەی سەربازیی ڕووسیا لە سوریا بووە.

کەناڵی جزیرە لە سەر زاری ئەو سەرچاوەیە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای مانگی دووەمی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، مۆسکۆ ژمارەیەک لە هێزە سەربازییەکانی لە سوریا کشاندووەتەوە و هێزەکانی سەر بە ئێران بە تایبەت حیزبوڵڵای لوبنان شوێنی ئەوانیان گرتووەتەوە.

ئەو سەرچاوە ئێرانییە ڕایگەیاندووە کە ئەو هێزانە لە سێ ناوچەی پارێزگای ئیدلب و چوار ناوچەی باشوری دیمەشق جێگیر کراون.

ڕاشیگەیاندووە کە ئیسرائیل لە نزیکبوونەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی ئێران بە سنورەکان و جێگیربوونی ئەوان لە درعا و قونەیتەرە لە باشوری سوریا نیگەرانە و بەشار ئەسەد سەبارەت بە هەماهەنگی لە سەر کێشەکانی داهاتوو سەردانی ئێرانی کردووە لە گەڵ ڕێبەر و سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە کۆبووەتەوە./.