ڕادەستکردنی مەلەفی نەوت و غاز لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە
(0) /
شارەزایەکی بواری ئابوری پێیوایە تاکە کارتی سیاسی لەبەردەستی هەرێمدا کەتوانیوێتی پێگەیەک بداتە هەرێمی کوردستان لەدەرەوە ئەوا پرسی نەوت و غازبووە،بەتایبەت نەوت کەبووە بەهۆکارێک بۆڕاکێشانی ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای بیانی بۆ هەرێمی کوردستان و توانراوە کۆمەڵێک گرێبەستی نەوتی بکرێت،ئەگەرچی تێبینییەکی ئێجگار زۆر لەسەر ناوەڕۆکی ئەو گرێبەستانە هەیە، بەڵام ئەگەربێت و عێراق دەست بەسەر داهاتی نەوت و خاڵە گومرکیەکاندا بگرێت ئەوا شتێک نامێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان کەئەمەش زیان لەپێگەی هەرێمی کوردستان دەدات.
لەسەر پرسی ڕادەستکردنی مەلەفەتی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی عێراق، گفتوگۆیەک لە گەڵ بیلال سەعید شارەزای دیاری بواری ئابوری لەهەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە کە دەقەکەی لە درێژەدا هاتووە:
سودەکانی ڕادەستکردنی دۆسێی نەوت و غاز بە حکومەتی ناوەندی چین بۆ هەرێمی کوردستان؟
حکومەتی عێراق لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە خاوەنی یاسای نەوت و غازنییە و بۆیە حکومەتی هەرێم سودێکی لەو دەرفەتە وەرگرتووە لەماوەی ڕابردودا و کەبووە بەخاوەنی یاسای نەوت و غاز و حکومەتی هەرێم جۆرێک شەرعێتی وەرگرتووە لەماددەکانی ١١١ و ١١٢ و١١٥ی دەستوری عێراقی پاڵپشت بەوە یاسای نەوت و غاز لەهەرێمی کوردستاندا خراوەتە قۆناغی جێبەجێکردن بەتایبەت لەساڵی ٢٠٠٧ وە کەیاسای نەوت و غازی هەرێم دەرچووە،بۆیە تائەوکاتەی هەرێمی کوردستان کە جۆرێک لەدەسەڵاتی بەسەر نەوت و غازدا دروستکردووە پاڵپشت بووە بەدەقێکی دەستووری،هەروەها پاڵپشت بووە بەو بۆشاییە یاسایەی کەپێی دەوترێت یاسای نەوت و غاز لە عێراقدا لە قۆناغی ڕابردودا، ئێستا کە باس لەبڕیارێکی دادگای فیدراڵی هەیە،دەکرێت بڵێین بابەتەکە دولایەنەیە، لەلایەکەوە ئەگەر سەیری گۆڕانی داهات لەهەرێمی کوردستاندا بکەین ئەوا لەبەر ئەوەی عێراق دەوڵەتەو سیادەی خۆی هەیە ئەکرێت دۆسێی نەوت تەنها لەچوارچێوەیەکی ئابوری سەیربکات و هەرێم بتوانێت لەڕێگەی ڕادەستکردنی نەوتەکەیەوە حکومەتی عێراق بتوانێت داهاتێکی زیاتری بۆڕەوانە بکات ئەگەر لەڕوکارێکی ئابورییەوە سەیری بابەتەکە بکەین،بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دونیایەک مەترسی لەسەرهەرێم هەیە ئەگەربێت و نەوتەکەشی ڕادەستی بەغداد بکات.
هەرێمی کوردستان بۆنایەوێت دۆسێی نەوت و غاز ڕادەستی بەغداد بکات؟
کۆمەڵێک هۆکار هەیە لەپشت ئەوەی کە هەرێمی کوردستان نەیەوێت نەوتەکەی ڕادەستی بەغدادبکات،دۆسێی نەوت بۆهەرێمی کوردستان دۆسێیەکی ستراتیژییە،ئەبێت ئێمە سەیری پرسی نەوت بکەین وەک پرسێکی سیاسی دواجار ئابوری ئینجا یاسای، هەرێمی کوردستان لە فەراغی نەبونی یاسای نەوت و غاز هەروەها لەبەر کێشمەکێشمی سیاسی لەنێوان هەرێم و بەغدا دەتوانین بڵێین تاکە کارتی سیاسی لەبەردەستی هەرێمدا کەتوانیوێتی پێگەیەک بداتە هەرێمی کوردستان لەدەروە پرسی نەوت و غازبووە،بەتایبەت نەوت کەبووە بەهۆکارێک بۆڕاکێشانی ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای بیانی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک گرێبەستی نەوتی بکرێت،ئەگەرچی گەندەڵی لەو سێکتەرەداهەیەو بووە بەهۆکارێک بۆ دابەشبونی نێوماڵی کوردی،بەڵام سەرەڕای ئەمانە مانەوەی ئەو پرسە لەژێردەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا دەرهاویشتەی باشی دەبێت،ئەگەر ڕێکبخرێتەوە و بخرێتە خزمەت هاوڵاتیانەوە،بەڵام ئەگەر هەرێم پرسی نەوت ڕادەستی بەغدادبکات ئەوا هیچ هەژمونێکی نامێنێت و ڕەنگە ڕادەستکردنی مەلەفی نەوت لەئێستاد تەنها گرفتی مووچە چارەسەربکات،بەڵام گرفتەی دیکەی سیاسی و ئەمنی و ئابوری دیکە بۆ هەرێم دروست بکات و هەرێم بگەڕێنێتەوە بۆ دواوە.
پێتانوایە هەرێم و بەغدا بتوانن لەسەر ئەم پرسە بگەن بەڕێکەوتن؟
لەعێراقدا پێویستمان بە کۆمەڵێک یاساهەیە،ئێمە یاسای نەوت و غازمان پێویستە کە دیاری بکرێت و دەسەڵاتی هەرێم و بەغداد دەبێت دیاری بکرێت و وەبابەتی یاسایی نەوت و غاز دەبێت ڕێکبخرێتەوە وە یاسایەکی دیکەشمان پێویستە کەئەویش یاسای داهاتەکانی عێراقە کەتائەم ساتە داهاتە فیدڕالیەکان ڕێکنەخراوەتە کە بزانرێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت،تائەم دووبابەتە یەکلای نەکرێتەوە و جۆێک لەدڵنیای بۆ هەرێم دروست نەکرێت ئەوا لێکترازانەکان زۆر لەوەزیاترە کەچاوەڕوان دەکرێت ڕێکبخرێت،چونکە عێراق چاوی لەکۆی گشتی سەرچاوەکانی داهاتە لەهەرێمی کوردستان،بینیمان لەڕابردودا باسی دەروازە سنوریەکانی دەکرد و ئێستاش باس لەمەلەفی نەوت دەکات کەواتە شتێک نامێنێتەوە بەناوی ئەوەی کەهەرێم مامەڵەی جیاوازی لەگدابکرێت لەسەرچاوەی داهات،چونکە دەبێت ئەوەبزانین سەرچاوەکانی داهات لەهەرێم داهاتی نەوت و نانەوتی و هەروەها هەندێک باج و ڕسومات و هاوکاری نێودەوڵەتییە کەئەگەربێت و حکومەتی عێراق دەست بەسەر داهاتی نەوت و خاڵە گومرکیەکاندا بگرێت ئەوا شتێک نامێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان کەئەمەش زیان لەپێگەی هەرێمی کوردستان دەدات./.
تێبينيێك بنێرە: