کێشەی بەسراوەیی کەرتی ئابوری عێراق بە داهاتی نەوت

(0) / / ڕاپۆرت / عێراق


Jun 01, 2022

قەبارەی فۆنت:

بەرپرسانی حکومەتی عێراق لەوەدا شکستیان هێناوە کە سەرچاوەیەکی دیکە بەدەر لە داهاتی نەوت بۆ دابینکردنی بودجەی ئەم وڵاتە بدۆزنەوە و هەناردەی نەوت و داهاتەکەی لە سەدا 90 ی بودجە پێک دێنێت.

ئەم دۆخەش وایکردووە کە عێراق لە ژێر کاریگەری گۆڕانکارییەکانی بازاڕی جیهانیی نەوتدا بێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە عێراق کۆمەڵە سەرچاوەیەکی دیکەی هەیە کە لە ئەگەری هەبوونی پلان و پرۆژەی حکومەت، دەتوانێت یارمەتیدەری کەرتی ئابوری ئەم وڵاتە و دوورکەوتنەوە لە بەسراوەیی بە داهاتە نەوتییەکانەوە بێت.

نەبوونی ڕێگاچارەی ستراتیژی بۆ چالاککردنەوە یان زیندووکردنەوەی کەرتەکانی دیکە و بەسراوەیی تەواو بە داهاتی نەوت، بێکاری و نەبوونی هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان وایکردووە کە عێراق ڕوبەڕوی دۆخێکی دژواری ئابوری ببێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێژەی دانیشتووانی عێراق لە سەدا 2.7 بەرز بووەتەوە و ڕێژەی هەژاریش گەیشتووەتە نزیکەی لە سەدا 25 و وەزارەتی پلاندانانی عێراق هۆشداریی لە سەر مەترسییەکانی ئەم دۆخە داوە.

ڕاپۆرتێکی بانکی جیهانی پیشان دەدات کە نزیکەی 13 ملیۆن هاووڵاتی عێراق داهاتی ڕۆژانەیان کەمتر لە 2 دۆلارە و پێشبینی دەکرێت ڕێژەی دانیشتووانی عێراق تا ساڵی 2050 بگاتە 80 ملیۆن کەس.

وڵاتی عێراق ساڵانە زیاتر لە یەک ملیار نەوتی خاو هەناردە دەکات و ئەم وڵاتە بۆ دابینکردنی بودجەی ساڵانەی خۆی پێویستی بە نزیکەی 90 ملیار دۆلارە و بەشێکی ئەمەش پەیوەندی بە هەناردەی نەوتی خاوەوە هەیە.

بە وتەی دکتۆر نەبیل مەرسومی، شارەزا لە بواری نەوت، سەرەڕای هۆشدارییەکانی سەبارەت بە ئەگەری دابەزینی خواستی کڕینی نەوت لە ساڵی داهاتوو، ئەم مادەیە لانیکەم تا ساڵی 2050 سەرچاوەی یەکەمی دابینکردنی وزەی جیهان دەبێت.

سەرەڕای ئەمەش، ناوبراو پێی وایە کە وڵاتی عێراق زیاتر لە ئاستی پێویست بەسراوەی نەوتە، بە شێوازێک کە زیاتر لە نیوەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و زیاتر لە سەدا 90 ی بودجە پێک دێنێت و ئەمەش لە گۆڕانکارییەکانی بازاڕی جیهانیی وزەدا عێراقی تووشی کێشە کردووە.

لە ساڵی 2003، کەرتە گرنگەکانی وەک پیشەسازی، کشتووکاڵ و گەشتیاری لە عێراق هێندە گرنگیی پێنەدراوە و ئەمەش وەبەرهێنانی ئەم کەرتانەی کەمکردووەتەوە، لە بەرامبەردا هاوردەی عێراق لە وڵاتانی وەژ تورکیا، ئێران، ئەردەن، سعوودیە و تەنانەت سوریا زیادی کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، باسم ئەنتوان، لێکۆڵەری ئابوری پێی وایە کە بەسراوەیی ئابوریی عێراق بە نەوت و گرنگینەدان بە بەشەکانی دیکەی وەک پیشەسازی، کشتووکاڵ و گەشتیاری، هەڵەیەکی گەورەی ئیدارەدانی سەرچاوە حکومییەکانە.

یەکێک لە خاڵە نەرێنییەکانی ئابوریی عێراق ئەوەیە کە حکومەت بە تەواوی بە سەر ئەم کەرتەدا زاڵە و تێچووی نزیکەی 70 کۆمپانیای حکومی و 250 کارگە دابین دەکات کە زۆربەیان چالاکییان نییە و بەرهەم و دەسکەوتێک لەوان نەبینراوە.

ئەمەش بووەتە هۆی خستنەڕووی بیرۆکەی وازهێنانی حکومەت لەو کۆمپانیانە و ڕادەستکردنیان بە کەرتی تایبەت./.