یەکێتی: دەبێت قسەی خۆمان لە گەڵ تورکیا بگۆڕین

(0) / / كوردستان / یەکێتی نیشتمانی کوردستان شاناز ئیبراهیم ئەحمەد


Jun 20, 2022

قەبارەی فۆنت:

کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەشداریی لە پرسەی فەرهاد شبلی و هاوڕێکانیدا کرد و وتی کە ناکرێت هەرچی داهات و دەستکەوت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی هەیە بینێرین بۆ تورکیا و ئەویش بەکاریبهێنێتەوە بۆ کوشتنی خۆمان.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کە هاوکات سەرپەرشتیاری مەڵبەندەکانی سلێمانی، شارەزور و گەرمیانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، لە نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە سلێمانی، بەشداریی لەو پرسەدا کرد و وتی: ئەوە دەسدرێژییەکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ سەر خاکی کوردستان و ژیانی خەڵک، قسەمان زۆر کردووە و ئیدانەمان زۆر کردووە، پێویست دەکات کە شێوازی قسەمان لە گەڵیدا بگۆڕین و تێبگات کە ژیانی ئەم خەڵکە زۆر گرنگە.

ناوبراو وتی کە دەسدرێژیکردنە سەر منداڵ و سووتاندنی گوند و چۆڵکردنیان و کوشتن و دەستنیشانکردن و کوشتنی ئەو خەڵکانەی وەک میوان و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی دێن، بە هیچ شێوازێک قبووڵکراو نییە.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سەبارەت بە زیادبوونی هێرشەکانی تورکیا لە سنوری سلێمانی، وتی: لە شوێنەکانی دیکەش خەڵک دەستنیشان کراون، هەموو گوندەکان و مرۆڤەکان، منداڵ و ژن و پیاو دەستنیشان کراون، ئێمە وەک یەکێتی بەرنامەمان هەیە کە شێوازی وتووێژ و مامەڵەمان لە گەڵ بەرامبەرەکەمان بگۆڕین.

وتیشی کە ئەگەر هاوکاری ناوخۆیی نەبێت هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئەنجامیان نابێت./.