عێراق دەگەڕێتەوە
(0) /
عێراق بە سیاسەتێکی درووستی ئابوری لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە سەرمایەگوزاری نێودەوڵەتی ڕابکێشێت و پترۆدۆلارەکان بهێنێتە ئابوری خۆیەوە و سەرقاڵی گەڕاندنەوەی پێگەی خۆیەتی لە ناوچەکە.
دکتۆر سەید عەلی تەباتەبایی مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکاری ئابوری، لە وتارێکی کە لە ڕۆژنامەی ئاسیا چاپی تاران بڵاو بووەتەوە، جەختیکردووەتەوە کە عێراق بە سیاسەتێکی درووستی ئابوری سەرقاڵی گەڕاندنەوەی پێگەی خۆیەتی لە ناوچەکە.
لەو وتارەدا هاتووە: لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سێ وڵاتی ئێران، تورکیا و سعوودیە سێ هێزی ناوچەیین، دوو وڵاتی میسر و عێراقیش توانای ئەوەیان هەیە کە وەک هێزێکی ناوچەیی دەرکەون.
عێراق وڵاتێکە کە لە ساڵانی ڕابردوودا و بە تێپەڕکردنی چوار شەڕی دژ بە ئێران، شەڕی کەنداوی فارس، دووەمی کەنداوی فارس و دژ بە داعش هەوڵی گەڕانەوەی هێزی خۆی دەدات.
ئامارەکان پیشان دەدات کە عێراق بە دەربازبوون لە گوشار و کاریگەرییەکانی ئەم چوار شەڕە، هەلومەرجێکی گونجاوی ئابوریی بۆ خۆی دابین کردووە.
ئامارە نێودەوڵەتییەکانیش پیشان دەدەن کە عێراق بە 150 ملیار بەرمیل یەدەکی نەوت و 3750 ملیار مەتری سێجا گازی سرووشتی بە یەکێک لە گرنگترین وڵاتانی خاوەن وزە لە سەر ئاستی جیهان دادەنرێت.
عێراق لە یەک دەیەی ڕابردوو بووەتە یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی وەبەرهێنەری نەوت لە سەر ئاستی جیهان، لە ئێستادا ئەم وڵاتە 4 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل وەبەرهێنانی نەوتی هەیە و 3 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل لەو نەوتەش هەناردە دەکات.
لە ئێستادا داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی نیو سەدەی ڕابردوو، ئامارە فەرمییەکان پیشان دەدەن کە عێراق لە مانگی ئایاری ڕابردوو 11 ملیار و 70 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە کە داهاتی ساڵانەی دەگاتە نزیکەی 120 ملیار دۆلار.
هەروەها وەبەرهێنانی زۆر لە لایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە لەم وڵاتەدا کراوە، بە تەنیا کۆمپانیایەکی وەک تۆتاڵ 27 ملیار دۆلار سەرمایەگوزاریی لە عێراقدا کردووە.
عێراقێکی ماندووی دەستی شەڕەکان، بە سیاسەتی درووستی ئابوری لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە سەرمایەگوزاری دەرەکی ڕابکێشێت و پترۆدۆلارەکان بهێنێتە ئابوری خۆیەوە و سەرقاڵی گەڕاندنەوەی پێگەی خۆیە لە ناوچەکە، هێندەش نابات کە عێراق وەک ڕکابەرێکی ناوچەیی بۆ ئێران، تورکیا و سعوودیە دەردەکەوێت./.
تێبينيێك بنێرە: