ئابوریی حەج، دەرفەتێک بۆ پتەوکردنی هاوکاریی نێوان وڵاتانی ئیسلامی

(0) / / ڕاپۆرت / حەج سعوودیە


Jul 11, 2022

قەبارەی فۆنت:

حەج وەک ڕێوڕەسمێکی ئائینیی موسڵمانان، ڕەهەندێکی ئابوریشی هەیە کە بەرژەوەندییەکانی تەنیا بۆ وڵاتی سعوودیە نییە.

دەستەی ئاماری سعوودیە ڕایگەیاندووە کە ئەمساڵ 899 هەزار و 353 حاجی فەریزەی حەجیان بە جێ هێناوە کە 779 هەزار و 919 کەس لەوان لە وڵاتانی دیکەوە بوون و لەو ژمارەش 412 هەزار و 895 حاجی ژن بوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2019، ژمارەی حاجییەکان گەیشتە 2 ملیۆن و 400 هەزار کەس کە یەک ملیۆن و 800 هەزار کەس لەوان بیانی و تەنیا نزیکەی 600 هەزار کەس لەوان ناوخۆیی بوون.

حەج بۆ سعوودیە کۆمەڵە بەرژەوەندییەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دارایی هەیە.

بە پێی ئامارە فەرمییەکانی سعوودیە، ڕێژەی تێچووەکانی حاجییەکان لە ساڵی 2019، 26 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار بووە کە بەراورد بە ساڵی ڕابردووی لە سەدا 8 بەرزبوونەوەی هەبووە.

سەرەڕای ئەوەی کە بە هۆی هەلومەرجی کۆرۆناوە ئەمساڵ پشکی وڵاتانی جیهان بۆ هەناردنی حاجییەکانیان بۆ سعوودیە تەنیا لە سەدا 50 بووە و بە دڵنیاییەوە کە داهاتی سعوودیەش لەم ڕێگایەوە کەمیکردووە، بەڵام دەبێت بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانیش لە سعوودیە لە بەرچاو بگرین.

ئەو تێچووانەش بریتین لە ڤێزە، تێکتی فڕۆکە، کڕینی پێداویستییەکانی گەشتەکە و هەروەها کڕینی دیاری لە لایەن حاجییەکانەوە. ئەڵبەت لە پاش حەجیش لە شارەکانی مەککە و مەدینە میوانیی گەورە بۆ حاجییەکان بەڕێوە دەچێت کە ئەمەش گەشەی ئابوریی سعوودیەی بە دواوە دەبێت هەرچەندە کە ڕێژەکەشی ڕەنگە زۆر نەبێت.

ڕەنگە ئەوانەی زیاترین سوودیان لە حەجی ئەمساڵ بردبێت، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی وڵاتانی ئیسلامی بن کە نزیکەی یەک ملیۆن کەسیان ناردووەتە سعوودیە، هەروەها پێویستە بوترێت کە نرخی گەشتەکانیش زۆر بەرز بووەتەوە.

لە بەرەکەتەکانی دیکەی حەج بۆ وڵاتانی ئیسلامی، قوربانیکردنە، ساڵانە نزیکەی 2 ملیۆن ئاژەڵ لە ڕۆژانی حەج لە سعوودیە سەردەبڕێت کە زۆربەیان هاوردەن و بە گشتی لە وڵاتی ئۆسترالیاوە هاوردە دەکرێت.

سعوودیە و وڵاتانی ئیسلامی دەتوانن پێکەوە بۆ کەڵک وەرگرتن لەم داهاتانە هاوکاری بکەن، بۆ نموونە دەتوانن ئاژەڵەکان لە وڵاتانی وەک سودان و سۆمالیاوە هاوردە بکرێن کە کێشەی ئابورییان هەیە و ببێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ ئەم وڵاتانە.

هەروەها زۆربەی ئەو دیارییانەی کە لە سعوودیەوە لە لایەن حاجییەکانەوە دەکڕێت لە چینەوە هاوردە دەکرێت، دەرفەتی ئەوەش هەیە کە مەککە بکرێتە بازاڕێکی کاڵا و بەرهەمەکانی وڵاتانی ئیسلامی.

لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی حەج ئەوەیە کە بەردەوامە و هەر پلان و بەرنامەیەک بۆی دەتوانێت درێژەی هەبێت و وەک بەرنامە و پلانێکی گشتگیر لە ئاستی جیهانی ئیسلام کەڵکی لێ وەربگیرێت./.