لایەنە شێعەکان مستەفا کازمی بە بەرپرسیاری ڕووداوەکانی بەغدا ناو دەبەن

(0) / / ئاسیا / چوارچێوەی هاوئاهەنگی مستەفا کازمی


Jul 27, 2022

قەبارەی فۆنت:

پاش ئەوەی کە لایەنگرانی سەید موقتەدا سەدر بە ئاسانی و بە بێ هیچ بەربەستێک گەیشتنە ناوچەی سەوز و پەرلەمانی عێراق، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لایەنە سیاسییەکانی شێعەی عێراق ڕایانگەیاند کە سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر بەرپرسی پاراستنی ئاسایشی ناوچەی سەوزی بەغدایە.

 لە بەیاننامەیەکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لایەنە سیاسییەکانی شێعەی عێراق سەبارەت بە ڕووداوەکانی چوارشەممە 27 ی تەمموزی 2022 ی بەغدا هاتووە کە " پاش ئەوەی کە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەنگاوی کرداری و تەواوکەریان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و نیشتمانی دەستپێکرد و لە سەر کاندیدکردنی کەسایەتییەکی نیشتمانی و ناسراو بە لێزانی و بێ لایەنی گەیشتنە کۆدەنگی. لە ڕۆژی ڕابردووەوە، هەندێک جموجوڵ و بانگهێشتکردنی گوماناوی بینراوە کە تێیدا هانی پیلانگێڕی، ئاژاوەگێڕی و لەناوبردنی ئاشتی مەدەنی دراوە ".

چوارچێوەی هاوئاهەنگی ڕایگەیاندووە " ڕووداوە خێراکانی ڕۆژی چوارشەممە و ئەوەی کە بە ئاسانی موڵەتی چوونە ژوورەوە بە ناوچەی سەوز و پەرلەمان و دامەزراوە یاساییەکان درا و هەروەها ئەوەی کە هێزە ئەمنییەکان ئەرکی یاسایی خۆیان جێبەجێ نەکردووە، هەندێک گومانی درووست کردووە، هەر بۆیە ئێمە حکومەتی کاربەڕێکەر بە بەرپرسی تەواوی ئاسایشی فەرمانگە حکومییەکان، فەرمانبەرانی ئەوان، شاندە دیپلۆماسییەکان و موڵک و ماڵی خەڵک و گشتی دەزانین و لەم حکومەتەش داواکارین کە بۆ پاراستنی ئاسایش و ڕێگری لە ئاژاوەگێڕی و جموجوڵە نایاساییەکان هەنگاوی پێویست بنێت ".

لە بەشی کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە ە " هەروەها داوا لە گەلی ئازیزی عێراق دەکەین کە لە بەرامبەر پیلانگێڕی دوژمنان ووشیارتر بن و ڕوبەڕوی هەر پیلانگێڕییەک ببنەوە کە خەڵک و ڕۆڵەکانی ئەوان بوونەتە ئامرازی جێبەجێکردنی "./.