بارزانی: ئەوەی لە عێراق ڕوو دەدات نیگەرانمان دەکات
(0) /
سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان نیگەرانی خۆیی لەم قەیرانە سیاسییەی عێراق دەربڕی و داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد بەرپرسیارانە و بە نیازپاکییەوە هەوڵی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بدەن.
مەسعود بارزانی لە میانەی بەشداریی لە ڕێوڕەسمی پێشوازی لە ڕووفاتی ئەنفالکراوەکانی دەڤەری بارزان لە هەولێر وتی کە وڵات کێشەی هەیە و کێشەکان ئاساییە بەڵام ئەگەر ئیرادە و نیازپاکی هەبێت دەکرێت بە سەر کێشەکاندا زاڵ بین.
ناوبراو وتی کە کێشەکان چارەسەریان هەیە، ئەوەی چارەسەر ناکرێت کەلتوری سڕینەوەی لایەنی بەرانبەرە کە بەداخەوە ماوەتەوە و دەبێت ئەم کەلتورە بە لاوە بنرێت.
بارزانی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانەی عێراق وتی: قەیرانی ئێستای عێراق بووەتە جێی نیگەرانی و بەداخەوە لە پاش ڕووخانی سەدام لە ساڵی 2003 دەرفەتەکان کەڵکیان لێ وەرنەگیرا و دەستوور نەکرایە بنەما.
سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان وتی کە گەلی عێراق ڕۆژگارێکی دژواریان بینیوە و شیاوی ژیانێکی باشترن و کاتی ئەوە هاتووە هەمووان هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن و بە ئیرادەی ڕاستەقینەوە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە بدەن./.
تێبينيێك بنێرە: