چین پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەمریکا سنوردار دەکات

(0) / / ئەمەریکا / نانسی پڵۆسی


Aug 05, 2022

قەبارەی فۆنت:

وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی ئەم وڵاتە لە گەڵ ئەمریکا سنوردار دەبێت.

پەکین ئەو بڕیارەی لە کاردانەوەی بەرامبەر بە سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ تایوان دەرکردووە.

وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا ناوی چەند ناوچەیەکی بڵاو کردووەتەوە کە لێرە بە دوا پەکین هاوکاریی لە گەڵ واشنتن نابێت و ئەوەش چەندین بواری وەک کۆبوونەوەی هاوبەش لە گەڵ وەزارەتەکانی بەرگری، ئاسایشی دەریایی، کۆچی نایاسایی، دادوەری، تاوانەکان، مادە هۆشبەرەکان و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە خۆ دەگرێت.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی چین هەروەها هاتووە کە پەیوەندییە تەلەفوونییە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانی نێوان فەرماندە باڵا سەربازییەکانی هەر دوو وڵاتیش هەڵوەشاوەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی چین هەروەها ڕایگەیاندووە کە نانسی پڵۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و خێزانەکەیی خستووەتە ڕیزی سزاکانی پەکینەوە./.