لە دوایین گەڕی دانوستانەکانی ڤیەننا چی ڕوویدا؟

(0) / / فایلی تایبەت / دانوستانەکانی ناوەکیی ئێران عەلی باقری ئەنریکە مورا


Aug 11, 2022

قەبارەی فۆنت:

پێگەی هەواڵی " العربی الجدید " لە سەر زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئێرانی هەندێک وردەکاریی لە سەر دوایین گەڕی دانوستانەکانی هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەم وڵاتەی لە ڤیەننا بڵاو کردووەتەوە.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە کە لە سەر خواستی خۆی ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، سەبارەت بە وردەکاری ئەوەی کە لە دوایین گەڕی دانوستانەکانی ڤیەننا ڕوویدا، بە پێگەی العربی الجدیدی ڕاگەیاند کە ئەنریکە مورا نوێنەری یەکێتی ئەورووپا لە دانوستانەکان، پاش 5 ڕۆژ دانوستانی چڕ لە گەڵ شاندەکانی ئەمریکا و ئێران و ئاگاداربوون لە تێبینییەکانی ئێران لە سەر پرۆژەپێشنیاری ئەورووپا، لە ئاکامدا دەقێکی کۆتایی خستەڕوو کە بە جۆرێک دەتوانین بڵێین هەموارکراوی پرۆژەپێشنیارکراوەکەی جۆزپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا بووە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە، وادەیەک بۆ کۆتایی دانوستانەکان دیاری نەکرابوو و هەمووان چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد کە دانوستانەکان چەند ڕۆژی دیکە درێژەی هەبێت بەڵام سەر لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 8 ی ئابی 2022، مورا پاش کۆبوونەوەی لە گەڵ ڕۆبرت مالی سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمریکا، لە گەڵ عەلی باقری سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێرانیش کۆبووە و دەقی کۆتایی دانوستانەکانی لە 25 لاپەڕەدا خستەڕوو.

ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە مورا داوای لە سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران و ئەمریکا کردووە کە بۆچوونی خۆیان بە بەڵێ یان نەخێر لە سەر ئەو دەقە بڵێن و لایەنی ئەمریکی دەستبەجێ ڕەزامەندی خۆیی ڕاگەیاندووە بەڵام عەلی باقری سەرسوڕمانی خۆیی لەم شێوازە دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە دەقە پێشنیارکراوەکەی مورا بۆچوونەکانی ئێرانی لە بەرچاو نەگرتووە.

ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە باقری لە کۆتا کۆبوونەوەی لە گەڵ ئەنریکە مورا جەختی لە سەر تێبینییەکانی وڵاتەکەی لە سەر پێشنیارەکانی ئەورووپا کردەوە و ئەوەی ڕەتکردەوە کە ئەمە دەقی کۆتایی دانوستانەکان بێت، هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە دەسەڵآتی تەواوی بۆ ڕاگەیاندنی ڕەزامەندی لە سەر ئەم دەقە نییە و دەبێت بۆ دوایین بڕیار بگەڕێتەوە تاران و لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆچوونی فەرمیی ئاشکرا دەبێت.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە ڕایگەیاندووە کە نوێنەری یەکێتی ئەورووپا جەختی لەوە کردووەتەوە کە چیدی خاڵێک نەماوە دانوستانی لە سەر بکرێت و ئێستا کاتی بڕیاردانە.

ڕاشیگەیاندووە کە لایەنی ئەمریکی و ئەورووپی سەبارەت بە دواکارییەکی ئێران بۆ داخستنی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە سێ دامەزراوەی ناوەکیی ئەم وڵاتە پێش واژۆی ڕێکەوتنی کۆتایی، ئەوەیان بە پێچەوانەی سەربەخۆیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی زانیوە و ڕەتیانکردووەتەوە.

وڵاتانی ڕۆژئاوا جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم بابەتە پاش واژۆکردنی ڕێکەوتنی ناوەکیی ساڵی 2015 بووە و بە جیا لە دانوستانەکانی ناوەکی تاوتوێ دەکرێت.

سەرچاوە ئێرانییەکە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە تا ئەم کێشانە چارەسەر نەکرێت و دەقی کۆتایی ئامادەی واژۆکردن نەبێت، ئەستەمە گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لە ڤیەننا بەڕێوە بچێت./.