یەکگرتووی ئیسلامی چی لە سەر هەڵبژاردنەکان و پارتی و یەکێتی دەڵێت؟

(0) / / كوردستان / پارتی یەکێتی یەکگرتووی ئیسلامی


Aug 24, 2022

قەبارەی فۆنت:

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاندووە کە پارتی و یەکێتی ئامادە نین هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت.

لە ڕاگەێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستاندا هاتووە کە " ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامی بە پێویستی دەزانین کە لایەنەکانی دەسەڵاتی هەرچی زووترە لە سەر داواکارییەکانی لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات بە تایبەت یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی خاوێن و دوور لە ساختەکاری و قۆرخکاری بگەنە ڕێکەوتن ".

لەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە " یەکگرتوو لە گەڵ ئەوەدایە کە لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کاری هاوبەش و پێکەوەیی بکەن لە پێناو گەڕانەوەی متمانە بۆ جەماوەری ناڕازی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی وەها کە ڕێگا خۆشکەر بێت بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی ڕاستەقینە لە سیستەمی حكومڕانی هەرێمی کوردستان ".

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان هەروەها ڕایگەیاندووە کە " پشتیوانی خۆمان دەخەینە پاڵ توڕەیی و بێزاری خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە سیاسەتی نادرووستی حزبە دەسەڵاتدارەکان و دیاردەی پاشاگەردانی و یاسا شکێنی لە مومارەسەکردنی حکومڕانی و چارەسەرنەکردنی کێشەکانی وەک دواکەوتنی مووچە و گرانی و سووتەمەنی و کارەبا و زیادبوونی بێکاری و نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان و دانەمەزراندنی وانەبێژ و فەرمانبەرانی خۆبەخش و گرێبەست و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی "./.