ڕێزان شێخ دلێر: هێزە ئیقلیمیەکان دەیانەوێت یەکێتی و پارتی وەکو جاری جاران پێکەوەبن و حکومەت دابەشبکرێ و ئەم کێشە ناوخۆیانە نەبێت
(0) /
ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە ڕێزان شێخ دلێر، پارێزەر و ئەندامی دوو خولی پێشوی پەڕلەمانی عێراق، ڕایگەیاند:" پێکهێنانی حکومەت هێندە ئاسان نییە، لەبەرئەوەی پێشتر پارتی و یەکێتی ڕێککەوتنی سیاسیان هەبووە و زۆر بە ئاسانی حکومەتیان پێکهێناوە."
وتیشی:" ئەگەر ئەمجارە بیانەوێ حکومەت پێکبهێنن زۆر زەحمەت دەبێت بۆیان، چونکە ئەمجارە مەرجەکانیان زۆر قورسە، بەتایبەت یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مەرجەکانی جیاوازە لە جاران، چونکە بەڕای سەرۆکی ئێستای یەکێتی، لەڕابردوودا هەڵەی زۆریان کردووە لەسەر ئەوناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیدان ئەم ناوچانە وەک پێویست خزمەتگوزارییان پێنەگەیشتووە نە ئەوکەسانەشی کە لەناو حکومەتدابوون و پۆستیان هەبووە پۆستەکانیان لەخزمەت خەڵکدا نەبووە لەبەرئەوە هەمیشە وەک هێزی یەکەم سەیرنەکراون، لەبەرئەوە ئەمجارە داواکاریەکانیان قورسترە."
ڕێزان شێخ دلێر، ڕونیشیکردەوە:" یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی کە هاوکێشەکان دەگۆڕێت هەبونی کۆمەڵێک هێزی دیکەیە، کە بەشێک لەوانە هەرلەسەرەتاوە ڕایانگەیاندووە کە بەشداری لە حکومەتداناکەن بۆنمونە هێزێکی وەک نەوەی نوێ کە 15 کورسی هێناوە ئامادەنیە بەشداری لە حکومەتێکدا بکات کە یەکێتیو پارتی تێدابێت، کەواتە لێردا ئەرکی هەردوو حیزبەکە زۆر قورسە و پارتی ناتوانێ وەک جاران بەئاسانی حکومەت پێکبهێنێت و بەویستی خۆی وەزارەتەکان دابەشبکات و یەکێتیش بەڵێنی زۆر گەورە بە خەڵک و لایەنگرەکانی داوە وئەمجارە دەبێت بەجدی کاربکات بۆ خزمەتکردنی خەڵک ."
ڕێزان شێخ دلێر، ئاماژەی بەوەشکرد:" پێشووتریش هەردوو هێزی دەسەڵاتدار بەڵێنی ئەوەیانداوە کە حکومەتێک دروست بکەن کە یەک حکومەت بێت و یەک ئیدارەی هەبێت، ئەمەش بەوە دەکرێت کە ئەم دوو هێزە ڕێکەوتنی سیاسیان هەبێت کە ئەمەش ناڵێین زۆر قورسە، بەڵام زۆر ئاسانیش نییە و خەڵکیش چاوەڕێ دەکات حکومەتێکی خزمەتگوزار دروست بکەن."
ڕێزان شێخ دلێر، پارێزەر و ئەندامی دوو خولی پێشوی پەڕلەمانی عێراق، باسی لەوەشکرد:" ئێستا خەریکە نزیک دەبینەوە لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق وئەم دووحیزبەش ترسێکی زۆریان هەیە و لەکۆتایشدا چەند جیاوازی هەبێت لەنێوانیاندا دەبێت هەر ڕێکبکەون بۆئەوەی کە بەزۆرترین کات حکومەت پێکبهێنن."
لەبارەی ڕۆڵی هێزە ئیقلیمیەکان لە دروستکردن وپێکهێنانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان. ڕێزان شێخ دلێر، ئاشکرایکرد:" هێزە ئیقلیمیەکان هەمیشە دەوریان هەبووە، بەڵام هیچیان لەگەڵ ئەو هەموو ناکۆکیەدا نەبوون کە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا هەبوو، هێزە ئیقلیمیەکان دەیانویست یەکێتی و پارتی وەکو جاری جاران پێکەوەبن و حکومەت دابەشکرێ و ئەم کێشە ناوخۆیانە نەبێت هەردولا لەسەر بڕیارەکانی ئێران و تورکیا ڕازیبن و ئەمەریکاش بە ئاسانی لەنێوان هەردوکیاندا ی بوێت ئەنجامی بدا، بەڵام ئەمجارە جیاوازیەکەی ئەوەیە بەتایبەت بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و هەروەها سەرۆکوەزیرانی حکومەت هەم لە بیرکردنەوەیاندا جیاوازن هەم خۆشیان بەکەسی یەکەم دەزانن و بەئاسانی تەنازول بۆ یەکدی ناکە، بۆیە ڕەنگە دەوڵەتانی دەرەکی تائەوشوێنە ڕۆڵیان هەبێت کە هەڵبژاردن ئەنجامدرابێت و کورسیەکان یەکلای کرابێتەوە، بەڵام بۆ پێکهێنانی حکومەت دەبێت تەنازول بە هەردولابکرێت لەهەندێک لەو مەرجانەی کە هەردولا هەیانە."
ڕێزان شێخ دلێر، پارێزەر و ئەندامی دوو خولی پێشوی پەڕلەمانی عێراق، ڕونیشیکردەوە:" پارتی ناتوانێ بەئارەزوی خۆی پێکهێنانی حکومەت دوابخات و چاوەڕێ بکات کە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق تەواوببێت، چونکە پارتی هەمیشە خۆی بە حیزبی حاکم دەزانێت و قووەتی خۆی لەنو هەرێمدا دەبینێت و هەمیشە دەیەوێت هێزەگەورەکان لەوێوەبێت و دواتر بەوهێزەوە شەڕبکات لەسەر تەشکیلەی حکومەت وداوای سەرۆککۆمار بکات، بۆیە ئەگەر پارتی نەتوانێت لەماوەی ساڵێکدا حکومەت پێکبهێنێت دواتر چۆن دەتوانێت داوای پۆستی باڵابکات لە عێراقدا، چۆن دەتوانێت و لەژێر چی ناوێکدا دەتوانێت درێژە بەم حکومەتە بدات لەکاتێکدا دەزانین ئیدارەکان زۆر خراپن و خزمەتگوزاریەکان زۆر کەمن بۆیە پارتی سەرکەوتونابێت لەوەی کە چاوەڕێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی عێراق بکات و خەڵکیش چاوەڕێی ئەوەیان لێ دەکات حکومەت پێکبهێنن و خەڵک مەعاش و نان وئاوی دەوێت لێیان."
تێبينيێك بنێرە: