شوان داودی: سەدر مەرجەعیەتی دەوێت

(0) / / چاوپێكەوتن / شوان داودی


Sep 01, 2022

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێکی پێشووتری پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە بڕیارەکەی سەرۆکی ڕەوتی سەدر بۆ کشانەوەی لە سیاسەت و پرۆسەی سیاسی ئەم وڵاتە، دوا بڕیاری نییە و پێشتریش لەو بڕیارانەی داوە و پاشان گەڕاوەتەوە.

شوان داودی، ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق لە پشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە وتووێژێکدا سەبارەت بە ڕووداوەکانی دووشەممە 29 ی ئابی 2022 ی بەغدا، وتی: بڕیاری موقتەدا سەدر بۆ کشانەوەی لە سیاسەت و پرۆسەی سیاسی بە گشتی، دوا بڕیاری نابێت، بەڵکوو ئەمە شێوازی کارکردنی سیاسیی سەدرە و یەکەم جاریش نییە کە دەکشێتەوە، جارێک لە سیاسەت دەکشێتەوە و جارێکی دیکە هێزەکانی دەکشێنێتەوە، جارێک سوپای مەهدی هەڵدەوەشێنێتەوە و سەر لە نوێ دەیگەڕێنێتەوە، جارێک فراکسیۆنی ڕەوتەکەی لە پەرلەمان دەست لە کار دەکێشێتەوە، هەموو ئەمانە پیشان دەدات کە نیازی کشانەوەی لە سیاسەت نییە، ئەگەر وەها پلانێکی دەبوو، موڵەتی بە جەماوەرەکەشی نەدەدا دۆخی عێراق بەم شێوازە بێت و ئەوانی پێشتر لە شەقامەکان دەکشاندەوە.

ناوبراو وتی: بەداخەوە عێراق بووەتە وڵاتێک کە لە ناوخۆی خۆیدا فاکتەری پێکەوەیی تێدا نەماوە و ئەوەی کە تا ئێستاش بەم شێوازە هێشتوویەتەوە، لە چوارچێوەی ئەو نەخشە سیاسییەی وڵاتانی دەرەوە و بەرژەوەندییە دەرەکییانەدایە، بە پێچەوانەی ئەمەش لە نێوان پێکهاتەکان و لایەنە سیاسییەکاندا متمانە نەماوە.

شوان داودی لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆ سەدر بڕوای بە دانوستان نییە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق بۆ مێزی وتووێژ ناگەڕێتەوە؟ وتی: سەدر لە ڕابردوودا ویستی لە ڕێگای پەرلەمان و یاساوە ویست و پلانەکانی خۆی جێبەجێ بکات بەڵام شکستی هێنا، لە بەر ئەوەی کە هێزی دیکەی لە بەرامبەردا هەیە، بۆ ئەمەش دەیەوێت لە ڕێگای هێزە شەقامەوە داواکانی خۆی جێبەجێ بکات.

ناوبراو وتی: سەدر هەر جارێک و لە ڕێگای بڕیارێکەوە دەیەوێت وەک دەسەڵاتداری یەکەم لە عێراقدا خۆی بناسێنێت، دەسەڵاتداری سیاسی بێت یان ئائینی و دەیەوێت ببێتە مەرجەعی ئائینی./.