ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای هەواڵگری تورکیا و سوریا ئاشکرا بوو

(0) / / ئاسیا / هاکان فیدان عەلی مەملوک


Sep 19, 2022

قەبارەی فۆنت:

میدیایەکی نزیک لە حکومەتی تورکیا وردەکاری کۆبوونەوەی ئەم دواییەی بەرپرسانی باڵای هەواڵگری ئەم وڵاتە و سوریای ئاشکرا کردووە.

ڕۆژنامەی سەباح ی تورکیا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەم وڵاتە لە گەڵ عەلی مەملوک سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سوریا کۆبووەتەوە، کۆبوونەوەکەش کە پێشتر دەوترا لە مۆسکۆ بووە، لە دیمەشق بەڕێوەچووە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەو نەخشەڕێگایەی هەر دوو لا سەرقاڵی داڕشتنین، گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا و دەستەبەرکردنی پاراستنی ئەوان، گەڕاندنەوەی زەوی و موڵک و ماڵیان و دابینکردنی کەشی گونجاو بۆ کار و چالاکییەکانی ئەوان و دەرنەکردنی حوکمی دادگاکان لە دژی ئەوان لە خۆ دەگرێت.

تورکیا داوای هەڵوەشانەوەی یاسای ژمارە 10 ی نیسانی ساڵی 2018 ی کردووە کە بە پێی ئەو یاسایە هەر هاووڵاتییەکی سوریا کە لە دەرەوەی ئەم وڵاتە بێت و لە ماوەی 30 ڕۆژدا نەتوانێت بەڵگەی یاسایی لە سەر خاوەندارێتی موڵک و ماڵ و زەوییەکانی بخاتەڕوو، لێی وەردەگیرێتەوە.

هەر بە پێی ڕاپۆرتەکە، لایەنی سوری داوای ئەوەیکردووە کە تورکیا سەرجەم هێزەکانی لە خاکەکەی بکشێنێتەوە. تورکیاش وەڵامی داوەتەوە کە پابەندە بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و لە پاش تەواوبوونی پرۆسەی یاسایی و داڕشتنی دەستوور، جێبەجێکردنی هەڵبژاردنی ئازاد لە سوریا و درێژکردنەوەی ڕێکەوتنەی ئەدەنە لە خاکی سوریا دەکشێتەوە.

ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە ئەستەمە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەک لە ئاستی وەزیران لە نێوان تورکیا و سوریا بەڕێوە بچێت./.