هاکان فیدان؛ داڕێژەری سەرەکی سیاسەتی سوننەکانی عێراق

(0) / / ڕاپۆرت / هاکان فیدان خەمیس خەنجەر محەممەد حەلبوسی


Sep 12, 2022

قەبارەی فۆنت:

لە کاتێکدا کە کۆبوونەوەکەی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا لە گەڵ خەمیس خەنجەر لە بەغدا، کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتووەتەوە، چاودێران بە پەیامێکی ڕوونی ئەنکەرەی دەزانن بۆ دەستڕۆیشتوویی و پێگەی لە نێو سوننەکانی عێراق.

خەمیس خەنجەر، بازرگان و سیاسەتمەداری دەستڕۆیشتووی سوننەی عێراق، لە بەغدا پێشوازیی لە هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا کرد، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، بە تایبەت ئەوەی کە خەنجەر هیچ بەرپرسیاریەتییەکی فەرمیی لە عێراقدا نییە کە بەرپرسێکی بیانی لەم ئاستەدا لە گەڵیدا کۆببێتەوە.

سەرچاوە سیاسییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێشوازیی خەنجەر لە فیدان لە شوێنی حەوانەوەی خۆی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرکردە و پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی سیادە، پیشاندەری ئاستی پێگە و دەستڕۆیشتوویی سیاسی ئەنکەرەیە لە عێراق و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا لە گەڵ سوننە، هاوکات لە گەڵ پتەوبوونی پەیوەندییەکانی تورکیا لە گەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی لە کەرکوک و موسڵ.

ئاشکرابوونی ئەم کۆبوونەوە لە ڕاستیدا گەیاندنی پەیامی ئەنکەرەیە بۆ وڵاتانی دیکە بەو ناوەڕۆکەوە کە تورکیا پێگەی خۆیی لە نێو سوننەکان و سەرکردە سیاسییەکانی بەهێز کردووە و بە ڕوونی پیشان دەدات کە بانگەشە و درووشمەکانی هاوپەیمانی سیادە و هاوپەیمانەکانی بە تایبەت ڕەوتی سەدر سەبارەت بە بەرگری لە یەکپارچەیی و سەروەری خاکی عێراق تا چەندە بێ بنەمایە.

دووریش نییە کە سەردانەکەی سەرۆکی میت بۆ ڕازیکردنی لایەنەکانی سوننە و پاڵپشتی لە پلانەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ بێت، بە تایبەت ئەوەی کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە سەر ئەم سەردانەی فیدان بێدەنگیی هەڵبژاردووە.

سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا شەممەی ڕابردوو وەک یەکەم بەرپرسی باڵای ئەم وڵاتە لە پاش هێرشەکەی زاخۆ و کوژرانی ژمارەیەک گەشتیاری عەرەب کە پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵاتی ئاڵۆز کرد، گەیشتە بەغدا و لە گەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران، محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەکی دیکە لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق کۆبووەوە و دوایین جار سەردانی خەمیس خەنجەری کرد و سەرجەم کۆبوونەوەکانیش بە بێ دەرکردنی ڕاگەێندراوی فەرمی کرا.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە یەک ساڵی ڕابردوو خەمیس خەنجەر و محەممەد حەلبوسی وەک دوو سەرکردەی سوننەی عێراق چەندین جار سەردانی تورکیایان کرد و لانیکەم دوو کۆبوونەوەی فەرمیشیان لە گەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەبووە.

تورکیا و هاکان فیدان ڕۆڵی گرنگیان لە کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکانی خەنجەر و حەلبوسی و هاندانیان بەرەو پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سیاسی هەبووە.

چاودێرانی سیاسی دەڵێن کە فیدان لە عێراق قەیرانی سیاسی ئەم وڵاتە و چۆنیەتی چارەسەرکردنی تاوتوێ کردووە. تورکیا چارەسەرێکی مامناوەندی بۆ ئەم دۆخەی عێراق لە نێوان سەدر و لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەوێت.

تورکیا لە ساڵی 2014 تا ئێستا بەردەوام هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی خۆیی لە نێو سوننەکانی عێراق داوە، ئەمەش هەوڵێکە هاوتەریب لە گەڵ هەوڵەکانی ئێران بۆ بەهێزتربوونی پێگەی لە نێو شێعەکان، بە بێ ئەوەی کە ئەم ڕکابەرییە کێشەیەک بخاتە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران.

هاوکات لە پاش سەردانەکەی فیدان و کۆبوونەوەکانی بەغدا، محەممەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لە گەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان کۆبوونەوە، کۆبوونەوەیەک کە لە چوارچێوەی سیاسەتی نوێی تورکیا لە عێراق خوێندنەوەی بۆ دەکرێت./.