بۆ بەرهەم ساڵح نەبووە سەرۆک کۆمار؟

(0) / / ئاسیا / بەرهەم ساڵح ئاڵا تاڵەبانی


Oct 17, 2022

قەبارەی فۆنت:

پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند کە لە کۆتا کاتژمێرەکانی پێش هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق بەشێک لە لایەنە گرنگەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆچوونیان گۆڕی و لە دەنگدان بە بەرهەم ساڵح سارد بوونەوە.

ئاڵا تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی کە لە هەفتەی کۆتایی تا دوایین کاتژمێرەکانی پێش دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بۆچوونی بەشێک لە لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی گۆڕدرا کە پێشتر بە تایبەت کەسێکی وەک نوری مالیکی جەختی لە سەر پاڵپشتیکردنی کاندیدی یەکێتی دەکردەوە.

ناوبراو وتی: سەردانی ئەم دواییەی شاندەکەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ لای بارزانی و دەرکەوتنەوەی ڤیتۆی ناوبراو لە سەر بەرهەم ساڵح و هەروەها دەستپێشخەرییەکەی پارتی بۆ کشانەوەی کاندیدەکەی، پەیامێکی ڕوون بوو بۆ ئەوەی کە دیمەن و نەخشەی یارییەکە گۆڕانکاریی بە سەردا هاتووە.

ئەو پەرلەمانتارە پێشووەی یەکێتی وتی کە بنەماکانی یارییەکە لە دوا ساتدا گۆڕا، ئەو بۆچوونە لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا گۆڕانی بە سەردا هات، بە بەڵگەی دەنگەکانی بەرهەم ساڵح و تویتەکەی شەوی پێش دەنگدانی بافڵ تاڵەبانی کە داوای پابەندبوونی بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی کردبوو./.