ئایا سودانی دەتوانێت هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی عێراق لە گەڵ ئێران و ئەمریکا دابین بکات؟

(0) / / ڕاپۆرت / محەممەد شیاع سودانی


Oct 30, 2022

قەبارەی فۆنت:

چەند دۆسیە و کێشەیەک چاوەڕوانی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق دەکات کە دیارترینی ئەوان دابینکردن و پاراستنی پەیوەندییەکی هاوسەنگە لە گەڵ ئێران و ئەمریکا.

ژمارەیەک لە شرۆڤەکاران دەڵێن کە کابینەی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی سودانی لێکچوونی لە گەڵ کابینەی پێشووتری ئەم وڵاتە بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی هەیە و ژمارەیەکی دیکە لەو بڕوایەدان کە حکومەتی نوێ بە ناچار دەبێت هاوسەنگی لە پەیوەندییەکاندا دابین بکات و هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەکاتەوە.

خالید موعینی شرۆڤەکاری سیاسی ڕاگەیاندووە کە حکومەتی نوێی عێراق بە دوای دەسکەوت و سەرکەوتندا دەگەڕێت و هەوڵ دەدات هاوسەنگی لە پەیوەندییەکان لە گەڵ ئێران و ئەمریکا بپارێزێت.

بە بۆچوونی ناوبراو، ڕەنگە ئەم حکومەتە بە هۆی ئەوەی کە لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە پێکهێنراوە، پەراوێز بخرێت. حکومەتی نوێ بە نزیک لە ئێران دادەنرێت و ئێرانیش لە بەرەی ڕووسیا و چینە و گومان لەوەدا هەیە کە سودانی بتوانێت ئەو هاوسەنگییە لە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا بپارێزێت.

هاوکات فەلاح مەشعەل نووسەری سیاسی ڕایگەیاندووە کە حکومەتی نوێی عێراق بە ڕەزامەندی ئێران پێکهاتووە و باڵیۆزی ئەم وڵاتە 24 کاتژمێر پێش متمانەی پەرلەمان لە گەڵ سودانی کۆبووەتەوە، لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا و ئەورووپا پیرۆزباییان لە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق کردووە و ئەمەش پیشاندری ئەگەری دابینکردنی هاوسەنگییە لە پەیوەندییەکانی عێراق و سەرجەم وڵاتانی دیکە.

ناوبراو ڕایگەیاند کە فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکاش لە عێراق پێش دانیشتنەکەی پەرلەمان و پێدانی متمانە بە کابینەی نوێ، لە گەڵ محەممەد شیاع سودانی کۆبووەتەوە و بە جلی سەربازیشەوە هاتووەتە کۆبوونەوەکە و ئەمەش پیشاندەری ئەوەیە کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەمێننەوە.

غالب دەعمی شرۆڤەکاری سیاسی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە سودانی لە ڕووی کەسایەتییەوە بەهێزترە لە عادل عەبدولمەهدی و زۆر ملکەچی حکومەتی سێبەر نابێت و هەڵسووکەوتی جیاوازی لە گەڵ دۆسیەکانی دەرەوە دەبێت.

بە بۆچوونی ناوبراو، سودانی دەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان ئێران و ئەمریکا دابین بکات و گوشار بخاتە سەر هاوبەشەکانی کە ئەویان کاندید کردووە و بۆ ئەوان ڕوون بکاتەوە کە ئەمە پرسێکی گرنگە./.