لە مۆسکۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ کرا

(0) / / ئەورووپا / خلوسی ئاکار هاکان فیدان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان


Dec 28, 2022

قەبارەی فۆنت:

وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند کە وەزیری بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەم وڵاتە لە گەڵ هاوکاتانی سوریا و ڕووسیای خۆیان لە مۆسکۆ کۆبوونەتەوە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 28 ی کانوونی یەکەمی 2022 لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری و هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەم وڵاتە لە گەڵ وەزیرانی بەرگریی ڕووسیا و سوریا و هەروەها سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەم دوو وڵاتە لە مۆسکۆ کۆبوونەتەوە.

بە پێی بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیا، هەر سێ لایەنەکە لەو کۆبوونەوەدا قەیرانی سوریا، کێشەی ئاوارەکانی ئەم وڵاتە و شەڕی هاوبەش لە دژی گرووپە تیرۆریستییەکانیان تاوتوێ کرد.

وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاندووە کە هەر سێ لایەن جەختیان لە سەر بەردەوامی کۆبوونەوەکان بە ئامانجی دەستەبەرکردنی سەقامگیری سوریا و ناوچەکە و پارستنی کردووەتەوە.

ئەمەش یەکەم جارە کە لە پاش 11 ساڵ، وەزیرانی بەرگری تورکیا و سوریا کۆدەبنەوە.

کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەم ماوەیەدا چەند جارێک داوای کردووە کە لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا و ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا بە هاوبەشی کۆببێتەوە./.