هەڵوێستی تورکمانەکان لە سەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا بوو

(0) / / كوردستان / پەرلەمانی کوردستان


Feb 05, 2023

قەبارەی فۆنت:

لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی پێكهاته‌ی توركمان له‌ هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نن، فره‌بازنه‌یی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و داواش ده‌كه‌ن كورسی پێكهاته‌كان وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌.

لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی پێكهاته‌ی توركمان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ شاری هه‌ولێر كۆبونه‌وه‌ و دواتریش له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هه‌ڵوێستی خۆیان له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، كورسی پێكهاته‌كان و بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن راگه‌یاند.

به‌یاننامه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی پێكهاته‌ی توركمان له‌لایه‌ن مونا قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان له‌ پشكی توركمان، خوێندرایه‌وه‌، رایگه‌یاند، "سیستمی كۆتای پێكهاته‌كان به‌ یاسا ده‌ستەبه‌ركراوه‌ كه‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی كورسی پێكهاته‌كان بۆ پاراستنی ماف و گوزارشتكردنه‌ له‌ ویسته‌كانیان و به‌رگریكردنه‌ له‌ مافه‌كانیانه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ كه‌ سیستمی كۆتا وه‌كو خۆی بمێنێته‌وه‌ و له‌و ڕوه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ نه‌كرێت".

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتوه‌، "وه‌كو پێكهاته‌ی توركمان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌ردین به‌ رێزگرتن له‌ ماف و بۆچونی پێكهاته‌كان، له‌مڕوه‌وه‌ پێكهاته‌كان داوای هاوكاری له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌وڵ بۆ بچوككردنه‌وه‌ی رۆڵی پێكهانه‌كان له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان بدرێت، هه‌روه‌ها پشتگیری لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین بۆ زیادكردنی رێژه‌ی پێكهاته‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان".

لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی پێكهاته‌ی توركمان ده‌ڵێن، "پشتیوانی له‌ سیستمی یه‌ك بازنه‌یی ده‌كه‌ین و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شداری له‌ چوار بازنه‌یی ناكه‌ین و دابه‌شكردنی كورسی كۆتاكان به‌سه‌ر ئه‌و بازنانه‌دا له‌به‌رژه‌وه‌ندی پێكهاته‌ی توركمان نیه‌ و ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "پێكهاته‌ی توركمان بۆیه‌ سیستمی كۆتای قبوڵكردوه‌ چونكه‌ تا ئێستا مادده‌ی 140ی ده‌ستوری عێراق له‌ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌توانراوه‌ جێبه‌جێ بكرێت و سه‌رژمێرییه‌كی گونجاو ئه‌نجامنه‌دراوه‌ و ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی هاوڵاتیانی پێكهاته‌ی توركمان دیاری نەكراوە، هه‌روه‌ها له‌ په‌سه‌ندكردنی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ تیایدا سه‌رجه‌م ماف و ئیمتیازه‌كانی پێكهاته‌ی توركمان ده‌قنوسی بكرێت و هیچ حزب و لایه‌نێكی سیاسی نه‌توانێت له‌ جیاتی پێكهاته‌كان بڕیاربدات و مافه‌كانمان په‌راوێژ بخات"./.