ئەزموونی بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا

(0) / / وتار / ئەردۆغان تورکیا سوریا


Feb 09, 2023

قەبارەی فۆنت:
کارەساتە سرووشتییەکانی وەک بومەلەرزە، لافاو و ئاگرکەوتنەوە لەو دیاردانەن کە بە درێژایی مێژوو دووبارە بوونەتەوە و هەموو کات هاوخەمی خەڵکی جیهانی لە گەڵ خۆی هێناوە بەڵام دیارترین ئەزموونی هاوخەمی و هاوکاریش لە ئاستی جیهان، پەلەکردنە بۆ ناردنی تیمەکانی فریاگوزاری و کەرەستە و پێداویستییەکانە لە ئاستە جیاجیاکان.
چاوەڕوان دەکرێت بومەلەرزە بەهێزەکەی باشوری تورکیا و باکوری سوریا، چیرۆکە ناخهەژێنەکە بێت تا لەوە تێبگەین جیهان چەندە لە تێپەڕکردنی ئەزموونێکی کارەساتبار سەرکەوتوو بووە، بە تایبەت کە لە مێژووی سیاسەتی وڵاتاندا زۆر جیا ئەوەمان بینیوە کە جیاوازییەک لە نێوان دانیشتووانی وڵاتاندا دەکرێت، بۆ نموونە، هەر ڕووداوێکی بچووک لە وڵاتانی ئەورووپی زۆرترین کاردانەوەی لە گەڵدا دەبێت و بە پێچەوانەوە لە وڵاتانی ئاسیایی و ئەفریقی بە تایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوشتن و برینداربوونی خەڵک بووەتە بابەتێکی ئاسایی.
لە سوریا دۆخەکە بە هۆی کەمبوونی تیمەکانی فریاگوزاری و کەرەستە و پێداویستییەکانەوە و هەروەها لاوازبوونی کەرتی تەندرووستی و سەرقاڵبوونی سوپای ئەم وڵاتە، لە کارەساتێکی گەورە نزیک بووەتەوە. لەم ماوەیەدا بە هەزاران سوری تووشی شەپۆلێکی بەفر و سەرما بوون و ئێستاش بومەلەرزەکە ڕەوشی ژیانی هێندەی دیکە لەوان تێک داوە.
چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژانی داهاتوو ببێتە ئەزموونێکی تاقیکردنەوە بۆ وڵاتانی جیهان. ئایا ئەوان بە یەک چاو سەیری ناوچە زیانلێکەوتووانی باشوری تورکیا و باکوری سوریا دەکەن.
ئەزموونی بومەلەرزەکەش بووەتە تاقیکردنەوەیەک بۆ ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا کە بەرەو هەڵبژاردنێکی نوێ دەڕوان. تا چەندە سەرۆک کۆماری تورکیا و پارتەکەی لەم تاقیکردنەوەدا سەرکەتوو دەبن، لە ڕۆژانی داهاتوودا هێماکانی دەردەکەوێت. هەرچەندە لە حکومەتی سوریا بە هۆی ئەو قەیرانانەی بەرۆکی گرتووەتەوە، چاوەڕوانییەکی زۆر ناکرێت./.