ئایا دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە؟

(0) / / ڕاپۆرت / کوردستان عێراق


Feb 18, 2023

قەبارەی فۆنت:
ئەنجامی ڕاپرسییەک ئەوەی پیشان داوە کە زۆربەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان داوای هەڵوەشانەوەی دەسەڵاتی ئەم ناوچە و گەڕانەوەی بۆ حکومەتی ناوەندی عێراق دەکەن.
ڕۆژنامەی سەباح ی عێراقی ڕاپۆرتێکی لە سەر ئەنجامی ئەو ڕاپرسییە بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئاسۆی بەردەم چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان و لاوازبوونی حکومەتی هەرێم بە تایبەت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان وایکردووە کە هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم و گەڕانەوە بۆ حکومەتی ناوەندی لایەنگرێکی زۆری لە نێو هەرێمی کوردستاندا هەبێت.
میر عەقراوی شارەزا لە کاروباری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە دۆخی نالەباری ئابوری و سیاسی وایکردووە کە خەڵکی هەرێم هەست بەوە بکەن کە بوونەتە قوربانیی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە چەندین هۆکار لەم هەڵوێستەی خەڵکی هەرێمی کوردستان و حەزی گەڕانەوەیان بۆ حکومەتی ناوەندی ڕۆڵیان هەیە و سەرەکیترینی ئەو هۆکارانەش ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم بووەتە حکومەتێکی بنەماڵە و گەندەڵی لە پەرەسەندندایە.
هەروەها کەنعان حاتەم موراد شاعیر و نووسەری عێراقی ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی ناڕەزایەتی لە کارنامەی حکومەتی هەرێم جیاوازییەکی ئەوتۆی لە گەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق نییە و لە هەرێمی کوردستان ئەوە دەبینین کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەمووچاوەکان دووبارە دەبنەوە و دەرفەتی گۆڕینی کەسانی دەسەڵاتدار بوونی نییە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە نەبوونی دەرفەتەکانی هەلی کار و قەیرانە وەرزییەکانی وەک نەبوونی سووتەمەنی لە وەرزی سەرما و لافاوی بەهار وایکردووە کە خەڵک بڵێن باشترە دەسەڵاتی ناوەند بۆ هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە.
سامان داود نووسەر و ڕۆژنامەنووسی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە هەڵوەشانەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ئەستەمە و کوردەکان پاشەکشە لە دەسکەوتەکانی خۆیان ناکەن.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە داواکاری هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم زیاتر لە لایەن پارتەکانی سلێمانییەوە ئاراستە دەکرێت./.