ئایا عێراق دەبێتە دەروازەی گەڕانەوەی وڵاتانی عەرەبی بۆ سوریا؟

(0) / / ڕاپۆرت / ئەمریکا ئیمارات دیمەشق سوریا عێراق


Feb 28, 2023

قەبارەی فۆنت:
وڵاتانی عەرەبی هەنگاوێکی نوێ و گرنگیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ سوریا هەڵگرتووە کە عێراق ڕۆڵیکی بەرچاوی لەوەدا گێڕاوە.
پاش ئەوەی کە وڵاتانی عەرەبی بەو ئەنجامە گەیشتن کە دەبێت دیسانەوە پێگە و بۆشایی خۆیان لە سوریا پڕ بکەنەوە و پاش گرنگیدان بە پێگەی سوریا بۆ گواستنەوەی غازی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئەورووپا، نێوەندگێڕی و هەوڵەکانی عێراق گەیشتە هەنگاوێکی گرنگی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ دیمەشق.
یەک شەممەی ڕابردوو شاندێک لە پەرلەمانی وڵاتانی عەرەبی پاش پەسەندکردنی ڕاگەێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی بەغدا، سەردانی دیمەشقی کرد و لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا کۆبووە.
سەردانەکەش بۆ گەیاندنی پەیامی هاوخەمی و پاڵپشتی سوریا بە بۆنەی بومەلەرزەکەی ئەم دواییەوە بووە و سەرۆکایەتی شاندەکەش لە ئەستۆی عێراق بووە وەک سەرۆکی ئەم خولەی پەرلەمانی وڵاتانی عەرەبی.
هەوڵەکانی عێراق بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ ئامێزی وڵاتانی عەرەبی و شکستی پەراوێزخستنی دیمەشق لە لایەن ئەمریکاوە، هاوکاتە لە گەڵ هەوڵێکی هاوشێوەی ئیمارات کە لەم ماوەیەدا وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش سەردانی سوریای کرد و لە گەڵ بەشار ئەسەد کۆبووە و ڕایگەیاند کە ئاساییە سوریا بۆ کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی بگەڕێتەوە.
ئەیاد عەنبەر شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی لە سەر ئەم تەوەرە وتی کە وڵاتانی کاریگەری عەرەبی بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەڵسەنگاندن بۆ بابەتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکەن بە تایبەت کە زۆربەی شۆڕشە عەرەبییەکان لە مسۆگەرکردنی ئامانجەکان و گۆڕینی دەسەڵاتی ئەو وڵاتانە شکستیان هێناوە.
ناوبراو وتی کە وڵاتانی عەرەبی و بە تایبەت وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس بە ڕوونی سیاسەتی هاوکارییان لە گەڵ وڵاتانی دیکە گرتووەتەبەر، بە تایبەت کە ئەزموونی ئەوان پیشانیداوە وازهێنانیان لە وڵاتێک بە واتای بەهێزبوونی پێگەی ڕکابەرە ناوچەییەکانە، وێڕای ئەوەی کە چیدی ئەم وڵاتانە سیاسەتی پچڕانی پەیوەندییەکانیان قبووڵ نییە و دەبێت بە دڵنیاییەوە بڵێین کە سوریا بۆ کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی دەگەڕێتەوە.
ئەو شرۆڤەکارە عێراقییە وتی کە سەردانی شاندی پەرلەمانی وڵاتانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی عێراق دەتوانێت ڕێگایەک بۆ سەردانەکانی دیکە بێت و ئەمەش یارمەتیدەری گەلی سوریا دەبێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی هەڵەکانی ڕابردووش دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، نەبیل جەبار شارەزای کاروباری ئابوری لە عێراق ڕایگەیاندووە کە سزاکانی ئەمریکا گەورەترین بەربەستی وڵاتانی عەرەبییە، هەرچەندە ئەوان دەتوانن بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان گوشارە ئابورییەکان لە سەر دیمەشق کەم بکەنەوە.
ناوبراو وتی کە لازقیە دەتوانێت کەناڵی سەرەکی گەڕانەوەی ئابوری سوریا بێت، بە پێی ئەوەی کە ببێتە دەروازەی گەیاندنی سووتەمەنی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئەورووپا، هەرچەندە کە ئەستەمە ڕووسیا موڵەتی وەگا گۆڕانکارییەک لە سوریا بدات.
نەبیل جەبار وتی کە ڕەنگە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بەو ئەنجامە بگات کە بوونی هەر حکومەتێک بەدەر لەم حکومەتەی ئێستای سوریا دەبێتە هۆی زیاتربوونی کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و تەنانەت کێشە لە بەردەم گەیاندنی سووتەمەنی بۆ ئەورووپا و بەم هۆیەوە ڕەنگە گوشارەکان لە سەر حکومەتی دیمەشق کەم بکرێتەوە.
ئەم گۆڕانکارییانەش لە کاتێکدایە کە پێشتر وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتالیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا جەختیان کردووەتەوە کە پاڵپشتی لە هەوڵەکانی وڵاتانی دیکە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ سوریا ناکەن./.