مستەفا کازمی بۆ سەردانی ئێرانی کرد؟

(0) / / ڕاپۆرت / سعوودیە ئێران عێراق مستەفا کازمی


Mar 01, 2023

قەبارەی فۆنت:
سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بۆ تاران و کۆبوونەوەی لە گەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کاردانەوەی زۆری لە ناوەندە سیاسی و میدیاییەکاندا بە دواوە بووە.
پێگەی " العربی الجدید " لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بەم سەردانە ڕایگەیاندووە کە کاردانەوەکان کاتێک زیاتر بوون کە هەواڵ و زانیاری سەردانەکەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری پێشووی عێراقیش بۆ تاران بڵاو کرایەوە، ئەویش پێش سەردانەکەی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەغدا.
زانیاری جیاجیا سەبارەت بە سەردانەکەی کازمی بۆ تاران و کۆبوونەوەکانی لە گەڵ سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆمار، محەممەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمان، عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاو بووەتەوە.
کازمی پاش سەردانەکەی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: لە سەردانەکەمدا بۆ تاران کە چەند ڕۆژە بوو، لە گەڵ سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆمار، محەممەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمان، عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و چەند بەرپرسێکی دیکە کۆبوومەوە و وتووێژم کرد.
بەرپرسێکی باڵای عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە کە ڕۆڵی لە نێوەندگێڕی نێوان تاران و ڕیازدا هەبووە، سەبارەت بەم پرسە بە پێگەی العربی الجدید ی ڕاگەیاند کە کازمی وەک نێوەندگێڕ چەندین پەیامی لە نێوان ئێران و سعوودیە ئاڵوگۆڕ کردووە کە پەیامەکان ئەرێنی بوون و ئەمەش مزگێنی بەرەوپێشچوونی زۆر لە ئاستی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات دەدات.
بەرپرسێکی دیکەی عێراقی ئەگەری کۆبوونەوەی فەرمی نێوان ئێران و سعوودیەی لە بەغدا بە نزیک ناو برد و وتی کە لە ڕۆژانی ڕابردوو پەیامی ئەرێنی لە نێوان هەر دوو لا ئاڵوگۆڕ کراوە.
ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە کە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانەی سەردانەکەی بۆ بەغدا پێشوازیی لەم بابەتە کردووە و سعوودییەکانیش لە سەردانەکەی فەیسەڵ بن فەرحان بۆ عێراق پەیامی هاوشێوەیان هەبووە.
ڕاشیگەیاندووە کە کۆبوونەوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران ئەم وڵاتە بۆ ئاگادارکردنی ناوبراو لە ئامانج و ئەنجامی سەردانەکەی خۆی و کازمی بۆ تاران بووە و لە سەر ئەوە ڕێکەوتوون کە هەوڵەکان بەم ئاراستەیەدا یەکگرتوو و هاوبەش بێت.
لە لایەکی دیکەوە بڕیاردەری لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق وتی: هاوکاتبوونی سەردانەکەی کازمی و بەرهەم ساڵح بۆ تاران و بەرەوپێشچوون لە نێوەندگێڕیی بەغدا، پاش ئەوە بووە کە تاران و ڕیاز بەو ئەنجامە گەیشتوون کە دەبێت کۆتایی بەم ئاڵۆزییە لە ناوچەکە بهێنن و ئەمەش سوودی بۆ عێراق دەبێت.
عامر فایز وتی: بەشێکی گەورەی کێشە و ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی عێراق بە هۆی ئاڵۆزی و ململانێکانی ناوچەکە و بەرکەوتنی بەرژەوەندییەکانی ئەوان لە ناوخۆی عێراق لە ڕێگای کەس و لایەنی سیاسی نزیک لەوانەوەیە.
ناوبراو وتی: ئەگەر حکومەتی عێراق بتوانێت تێڕوانینی وڵاتانی دیکە لێک نزیک بکاتەوە، ئەمەش کاریگەری لە سەر ڕەوشی ناوخۆیی عێراق دەبێت و ئەو وڵاتانە بە ئەنجامی ئەوە دەگەن کە لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە لە ناوخۆی عێراق شەڕ و پێکدادان هەبێت و زیان بە بەرژەوەندییەکانیان دەگات.
بەڕێوەبەری سەنتەری بیر و هزری سیاسی بەغداش وتی: ئێران داوای ئاشتەوایی لە سعوودیە دەکات و لە سەردەمی سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، داوای لە ناوبراو کردبوو کە لەم پێناوەدا ڕۆڵی نێوەندگێڕی هەبێت.
ئێحسان شمەری وتی: حکومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆکایەتی سودانی هەوڵ دەدات وتووێژەکانی نێوان تاران و ڕیاز کە تا ئێستا 5 گەڕی لە بەغدا بەڕێوەچووە، بە ئەنجام بگات.
هەروەها موئەید حەیدەری توێژەری عێراقی ڕایگەیاند کە مستەفا کازمی پەیوەندییەکی نزیکی لە گەڵ بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی ناوچەکە بە تایبەت محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە هەیە و دەتوانێت لەم دەرفەتە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی عێراق کەڵک وەربگرێت، بە تایبەت ئەوەی کە باشتربوونی پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز بۆ بەغدا گرنگە.
ناوبراو وتی کە کازمی لە گەڵ گەورە بەرپرسانی ئێرانی بە تایبەت سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە کۆبووەتەوە و ئەمەش پیشاندەری گرنگی سەردانەکەیە.
مانگی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەواڵی بەردەوامبوونی نێوەندگێڕیی بەغدای لە نێوان ئێران و سعوودیە ڕاگەیاند و وتی کە ئەم وتووێژانە لە ئاستی ئەمنی چووەتە ئاستی سیاسییەوە.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند کە وتووێژەکانی ئێران و سعوودیە بە چاودێری ئەم وەزارەتە بەڕێوە دەچێت./.