بافڵ تاڵەبانی هەڵوێستی خۆیی لە سەر ڕێکەوتنی هەولێر و بەغدا ڕاگەیاند
(0) /
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند کە یەکێتی ساڵانێکە هەوڵ بۆ ڕێکەوتن لە گەڵ بەغدا و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان دەدات، بیرکردنەوەی درووست، هاوئاهەنگی و کاری پێکەوەیی نەک دوورکەوتنەوە و قووڵکردنەوەی کێشەکان، ناکۆکییە ناوخۆییەکان و تاکڕەوی.
بافڵ تاڵەبانی ئەمڕۆ یەک شەممە پەیامێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە پاش بڕیارەکەی دادگای پاریس و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای تورکیاوە، لە پێناو داهاتووی گەلەکەمان و ڕێگریکردن لە درووستبوونی گرفت و قەیرانی گەورە، کاتی ئەوەیە کە بڕیارە درووستەکە بدرێت، کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشێت و کۆی داهاتی نەوت لە سەرتاسەری عێراق بخرێتە یەک خەزێنەوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و داهاتی عێراق دیاری بکرێت و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان گەرەنتی بکرێت، سیستەمی بەنزین، نەوت و گازوایلی کوردستان ببەسترێتەوە بە عێراق و بە هەمان نرخ بە هاووڵاتیان بدرێت، کوردستان نوێنەری لە کۆمپانیای سۆمۆ و کۆی سیستەمی نەوت و غازی عێراق هەبێت و بەشێک بین لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان.
بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاندووە کە یەکێتی ساڵانێکە هەوڵی ڕێکەوتن لە گەڵ بەغدا دەدات و ڕووبارێک خوێنی لە پێناو سەربەرزی و سەرفەرازیی کوردستان ڕشتووە و هیچ هێز و لایەنێک لە خۆی بە دڵسۆزتر بۆ کوردستان و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی نازانێت، هەر بۆیە هەنگاوی لۆژیکی و بەرپرسیارانە، ڕێکەوتنە لە گەڵ بەغدا و دەستەبەرکردنی مافەکان./.
تێبينيێك بنێرە: